پڕۆژەیاسای "پیرۆزیی نەجەف" ئامادە دەکرێت

07-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگرێکی پارێزگاری نەجەف داوای بەپەلە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای "پیرۆزیی نەجەف" لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەکات و دەڵێت، دەبێت رێگری لەو سرووت و رێوڕەسمانە بکرێت کە بە خەڵکی پارێزگاکە و سرووتە ئاینییەکان نامۆن. یەکێک لەو پسپۆڕە یاساییانەش کە ئاگاداری رەشنووسی پڕۆژەیاساکەیە دەڵێت، "رێگری لە ئازادییەکان ناکات، بەڵکو تەنیا پارێزگاری لە پیرۆزییەکانی نەجەف دەکات."
 
کەڕاڕ مەحبووبە، جیگری دووەمی پارێزگاری نەجەف لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو رووداو و رێوڕەسمانەی لە نەجەف دەکرێن و هەروەها ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای "پیرۆزیی نەجەف" دەڵێت، "هەڵە لە هەندێک رێوڕەسم و ئەو سرووتانەی دەهێندرێنە نێو نەجەف روودەدات، لەو رێگەیەوە هەوڵ دەدەن سووکایەتی بە سرووتەکانمان بکەن. هەندێک رێوشوێن و ئاهەنگی سەیریش لە هەندێک بۆنە دەبیندرێن کە بۆ کۆمەڵگەی نەجەفی نامۆن، ئەوەش وامان لێدەکات پشتیوانی لە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای پیرۆزیی نەجەف بکەین."
 
جیگری دووەمی پارێزگاری نەجەف داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف دەکات، "بەپەلە رەشنووسی پڕۆژەیاساکە ئامادە بکات بۆئەوەی حکومەتی خۆجێیی بەپەلە جێبەجێی بکات."
 
نەجەف بەلای شیعەکانەوە لە شارە جێ بایەخەکانە، هەربۆیە دەستەواژەی "پیرۆز"یان کردووەتە پاشکۆی ناوەکەی. ئەو شارە جگە لە مەزاری عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلام محەممەد "د. خ"، حەوزی زانستیی نەجەفیشی لێیە کە باڵاترین دامەزراوەی ئاینیی شیعەیە، جگە لەوەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکانیشی تێدا دەژی، بوونی گۆڕستانی نەجەف کە بە گەورەترین گۆڕستانی جیهان هەژمار دەکرێت کە گۆڕ و مەزاری زۆر زانا و کەسایەتیی دیاری شیعەی تێدایە، یەکێکی دیکەیە لە خەسڵەتە دیارەکانی شارەکە، کە بایەخەکەی زیاتر کردووە.
 
داواکارییەکە لە کاتێکدایە، ماوەیەکە هەندێک رەفتار بەناوی سرووتی ئایینییەوە لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێنەوە، ئەوەش بەشێک لە شیعە و نەجەفییەکانی نیگەران کردووە، بەڵام ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاساکە نیگەرانیی لای بەشێک لە چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی دروستکردووە و ترسیان هەیە لە بەکارهێنانیدا بۆ مەبەستی خراپ بەکاربهێندرێت.
 
د. محەممەد زەیادی، مامۆستا لە زانکۆی کوفە لە پارێزگای نەجەف، یەکێکە لەو کەسانەی کە ئاگاداری ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکەیە، جگە لەوەی پێیوایە ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتی هەیە رەشنووسی یاسا ئامادە بکات و ببێتە یاسا، ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت، "رەشنووسەکە لە ئامادەکردندایە. جگە لە ژمارەیەک پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆ و شارەزای یاسا، حەوزەی زانستیی نەجەفیش بەشدارن لە ئامادەکردنی؛ دەمانەوێت لەو رێگەیەوە رێگری لە هەندێک کاری نابەجێ لەم شارە بکرێت."
 
سەرەڕای پێدانی گەرەنتی بۆئەوەی رەشنووسی یاساکە لە داهاتوودا کێشە بۆ ئازادییەکان دروستنەکات و نەبێتە هۆکارێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییە کەسییەکان، ئەو مامۆستای زانکۆیە دەڵێت، "پشت بە دەستوور، یاسای وەقفی شیعی و ژمارەیەک یاسای دیکە دەبەستین بۆ ئامادەکردنی رەشنووسەکە."
 
سەبارەت بە نیوەڕۆکەکەی، محەممەد زەیادی گوتی، "تەنیا قەدەخەکردنی ئەو کارانە نییە کە بەناوی سرووتەوە لە نەجەف دەکرێن، بەڵکو راگرتنی هەندێک رەوتە کە بەناوی جیاجیاوە بوونەتە هۆی ناشیرینکردنی شار و پارێزگاکە، جگە لەوە رێگری لە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و شتی دیکە دەکرێت. لە رەشنووسەکەدا باسی هەژاران و یارمەتیدانیان دەکرێت، واتە فرەلایەنە."
 
رەشنووسی یاسای "پیرۆزیی نەجەف" لەساڵی 2017ەوە کاری لەسەر دەکرێت و ئەو لاتە جارێک تاوتوێکرا. لەساڵی 2019 لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی تشرین و خۆپێشاندانەکانی گەنجانی عێراقەوە دواخرا، ئێستا بۆ جاری سێیەم رەشنووسەکە ئامادە دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف بۆ پەسندکردنی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت