ئەمینداری سەندیکای پارێزەرانی عێراق: شەڕە بۆکسەکەی ئەمڕۆ بەهۆی کێشەی کەسیی بوو

06-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی سەندیکای پارێزەرانی عێراق لە بەغدا، شەڕەبۆکس و گرژیی لەنێوان ئەندامانی سەندیکاکە روویدا. ئەمینداری سەندیکاکەش دەڵێت، شەڕەکە لە نێوان دوو پارێزەردا بووە کە کێشەی کەسییان هەبووە و هیچ پەیوەندییەکی بە کارەکانی کۆنگرەکەوە نەبووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025، ئەحمەد زەیدی، ئەمینداری سەندیکای پارێزەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی ئەمڕۆ روویدا، لە نێوان دوو پارێزەردا بوو کە کێشەی کەسییان هەبوو و هیچ پەیوەندییەکی بە کارەکانی کۆنگرەکەوە نەبوو، چونکە پێش ئاڵۆزییەکە کۆنگرەکە زۆر بە ئاسایی بەڕێوەدەچوو."
 
لەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە، لەکاتی شەڕەکەدا چەند کەسێک هاوار دەکەن و دەڵێن، "دەستپاکی، دەستپاکی". ئەحمەد زەیدی دەڵێت، "هەندێک لە ئەندامان گومانیان لە بودجەی دارایی سەندیکا و بوونی گەندەڵی هەبوو لە خشتەکەیدا، بۆیە بۆ دڵنیاکردنەوە خشتەی بودجەکەمان ناردووەتە دەستەی دەستپاکی، بۆئەوەی راپۆرتی خۆیانی لەسەر دەربکەن."
 
وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، دوو کەس لەنێو کۆنگرەکەدا بە بۆکس لە یەکتری دەدەن و دواتر یەکێک لە پارێزەرەکان بەبێهۆشی لەسەر زەوییەکە کەوتووە. ئەمینداری سەندیکای پارێزەرانی عێراق گوتی، "تەندروستیی ئەو دوو پارێزەرە باشە و کێشەکەی نێوانیشیان چارەسەر کراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە