بەهۆی 'ناردنی نەوت بۆ چین' هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا کەمیکردووە

05-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتەکانی نەوتی عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا کەمدەکات و بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ، مانگی رابردوو داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوروپا 471 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە. شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت، "بەشێکی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئەوروپا ئەوەیە، ئەو نەوتە بۆ چین چووە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکان بۆ ئامارەکانی تایبەت بە هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوو، دەردەکەوێت لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ عێراق 19 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا کردووە، لە کاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەم  23 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بووە، بەو پێیە لەو مانگەدا عێراق 4 ملیۆن و 319 هەزار بەرمیل نەوت کەمتری هەناردەی ئەوروپا کردووە.
 
لە مانگی تشرینی دووەمدا عێراق  یەک ملیار و 571 ملیۆن دۆلاری لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوروپا دەستکەوتووە، لە کاتێکدا مانگی تشرینی یەکەم دوو ملیار و 45 ملیۆن دۆلار داهاتی دەستکەوتووە.
 
عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا 8 ملیار و 512 ملیۆن دۆلاری لە هەناردەکردنی نەوت دەستکەوت، لە کاتێکدا بەهای بەرمیلی نەوت لەو مانگەدا 80.74 دۆلار بووە، هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەم 9 ملیار و 669 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە و بەهای بەرمیلی نەوت 85.86 دۆلار بووە.
 
رۆژی دووشەممە 04-12-2023 نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانکۆی بەسرە و پسپۆڕی نەوتی لەبارەی هۆکاری کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەم ساڵەوە داوا و خواست لەسەر نەوتی عێراق، بەتایبەت لەلایەن هیندستان و چین زیاتر بوون، بەشێکی زۆری هەناردەی نەوتی عێراقیش بۆ ئەوروپا دەچێت، بۆیە رکابەرایەتیی باش بۆ بەدەستهێنانی نەوتی عێراق، بەتایبەت بەسرە، هەیە. لە کاتێکدا بەشێکی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا، ئەوەیە کە بۆ چین دەچێت، کە کڕیارێکی گەورەی نەوتی عێراقە."
 
لە 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا عێراق 105 تریلیۆن و 64 ملیار و 700 ملیۆن دیناری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، لەکاتێکدا بۆ هەموو ساڵەکە پێشبینیکراوە نزیکەی 117 تریلیۆن دینار (90 ملیار دۆلار) داهاتی هەبێت، واتە داهاتەکەی لە داهاتی پێشبینیکراوی نێو یاسای بودجە زیاتر بووە، بەمەش کورتهێنانی کەمدەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت