ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: بەم نزیکانە هەردوو لیوا هاوبەشەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستبەکاردەبن

05-10-2023
نەهرۆ محەممەد
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و سەنگەر عەبدولرەحمان، پێشکێشکاری رووداو.
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و سەنگەر عەبدولرەحمان، پێشکێشکاری رووداو.
نیشانەکردن هێزی پێشمەرگە عێراق هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرنگە و دەشڵێت، بەم نزیکانە هەردوو لیوا هاوبەشەکە دەستبەکار دەبن. 
 
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 05-10-2023، لەکاتی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لەلایەن سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێش دەکرێت، راگەیاند، "لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، ئێستا سنووری نێوانیان بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە، هێزی فەرماندەی پاراستنی سنووری لێیە.  ئەو رێککەوتنە ئەمنیەی نێوان هەردوولا زۆر گرنگە، کە تێیدا پاسەوانی سنووری فیدراڵی لەسەر سنوور جێگیربووە. رێککەوتنەکە بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. کڕۆکی رێککەوتنەکەش نەهێشتنی دیاردەی چەکدارییە لە ناوچەی سنوورییەکان."
 
ئێوارەی چوارشەممە، 04-10-2023، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە تورکیا. لیوا تەحسین خەفاجی، ئاماژەی بەوەکرد، "هاوئاهەنگی و هاوکارییەکی گەورە لەنێوان عێراق و تورکیا هەیە، گفتوگۆ دەکرێت لەسەر تووندوتۆڵکردنی سنووری نێوان عێراق و تورکیا، لە رابردوو کاری زۆر کراوە لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، پێویستە هێزی پاسەوانی سنوور بڵاوبێتەوە، ئێستا هێز لە خاڵی سفر، لەگەڵ تورکیا بڵاوکراوەتەوە، خاڵ و تاوەری چاودێریی دانراون، ئەوەش بە رێنوێنی و  راسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق. سەردانەکەی وەزیری بەرگری بۆ هاوئاهەنگی و کۆمەڵێک دۆسیەی نێوان هەردوو وڵات گرنگە."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و  هێزەکانی عێراقی باسی لەوەکرد، "پەیوەندیمان لەگەڵ پێشمەرگە لەوپەڕی باشی و نایابیدایە، هاوئاهەنگییەکی بەرز هەیە، لەوانە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، راوەدوونانی پاشماوەی چەکدارانی داعش، تووندوتۆڵکردنی ئەو ناوچانەی جێگەی بایەخن، هاوکاری گەورەی پێشمەرگە لە دۆسیە جیاوازەکانەوە لەسەرووی هەموویانەوە سوپالار، فەریق عیسا، زۆر هاوکارە، بەهۆی ئەو پەیوەندییەوە گەیشتووینە هاوکاری و کاری هاوبەش، ئاڵوگۆڕی زانیاری،  دیدگە و پلانی هاوبەش و زۆر دۆسیەش بە ئاسانی چارەکراون."
 
لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش بۆ جێگرکردنیان لەناوچە جێناکۆکەکان، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گوتی، "کاری پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە بەردەوامە، هەنگاوی زۆر گەورەمان بڕیوە، یەکێکیان بە نزیکەیی تەواوبووە، ئەوەی دیکەشیان لە سەروبەندی تەواوکردنە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا نووسراوی نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بەرگریی و هەرێمی کوردستانە. سەربازگە، شوێن، شوێنی بڵاوکردنەوە و ناوەکان هەمووی دیاریکراون، هەرکاتێک نووسراوەکان تەواوبن، دەستبەجێ هەردوو لیواکە دەستبەکار دەبن، چاوەڕێ دەکرێت بەمنزیکانە دەستبەکاردەبن."
 
لەبارەی دۆخی کەرکووک، خەفاجی گوتی، "کەرکووک ئێستا سەقامگیریی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، هێزە ئەمنیەکان بەردەوامن لە راوەدوونانی تیرۆریستان، چەندین ئۆپەراسیۆن بۆ سەر داعش کراون، لەوانە لە دۆڵی شایی و دۆڵی  زەغتوون، هەروەها پێشمەرگە هاوکاربووە لە رادەستکردنی ژمارەیەکی زۆر لە داواکراوەکان."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە