دادگەی فیدراڵی لە وەڵامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: بڕیارەکانمان یەکلاکەرەوە و پابەندکەرن

05-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدڕاڵی لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بە فەرمانە وەلائییەکانیشەوە؛ یەکلاکەرەوە و پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دایەوە و رایگەیاند، "بەگوێرەی مادەی 94ـی دەستووری کۆماری عێراق، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی یەکلاکەرەوە و پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان بەگشتی، ئەو دەقەی مادەکەش هەموو فەرمان و بڕیارەکانی دەرچوو لە دادگەکە دەگرێتەوە، بە فەرمانە وەلائییەکانیشەوە."
 
دادگەی فیدراڵی دەڵێت، "ئەو مادەیەی دەستوور، سەرجەم بڕیارەکانی لە تانەلێدان پاراستووە و هەموو لایەک پابەندکراون بە جێبەجێکردنیان. دەستووریش بەڵگەنامەی گەلە و هێزی بڕیارەکانی دادگە دەستوورییەکانیش بۆ ئەو بەڵگەنامەیە دەگەڕێتەوە، کە دەستوورە و هەموو لایەک پابەندن بەوەی سەرپێچی و پێشێلی نەکەن و پابەند بن بە ناوەڕۆکەکەی."
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی ئەو بڕیارە وەلائییەی دادگەی فیدراڵی بۆ راگرتنی سێ یاساکە دەریکردووە، "پێچەوانەی دەقی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی فیدراڵییە." 
 
ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێت یاسا دەرچووەکان لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبکرێنەوە، بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەک بۆ تانەلێدان لە نادەستووریبوونی، ئەمەش لە چەندین بڕیاری دادگەی فیدراڵیدا جێگیر کراوە، لەوانە بڕیاری ژمارە 88/فیدراڵی/2016 لە 20/12/2016 و بڕیاری ژمارە 31/فیدراڵی/2018."
 
یاساکان بریتین لە هەموواری یاسای باری کەسیێتیی ژمارە 188ـی ساڵی 1959، هەموواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتیی ژمارە 27ـی ساڵی 2016 و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە.
 
هەرسێ پرۆژەکە لە دانیشتنی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بەیەک پاکێج پەسندکران. 
 
شەوی رابردوو دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی بە بڕیارێکی وەلائی، جێبەجێکردنی سێ یاساکەی راگرت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە