فالح فەیاز.. هاوڕێی نیوەی رێگا

04-09-2018
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن فالح فەیاز
A+ A-

رووداو- لەندەن

رۆژ لەدوای رۆژ ناكۆكیی نێو ماڵی شیعە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران قووڵتر دەبێتەوە، دیاریكردنی كەسێكیش بۆ ئەو پۆستە خەریكە لەدەستی عێراقییەكان دەردەچێت، ئێستا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش، سەركردایەتی دوو بلۆك دەكەن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی عێراق كە 165 پەرلەمانتارە.

عەبادی یان فەیاز

ئەمریكا هەوڵی دانانەوەی حەیدەر عەبادی دەدات، بەرەی ئێرانیش هەموو هەوڵێك دەدەن كەسایەتییەكی نزیك لە خۆیان و لە هەناوی حەشدی شەعبیدا ئەو پۆستە وەربگرێ. هەفتەی رابردوو هاوپەیمانییەكەی عەبادی درزی تێكەوت، كاتێك فالح فەیاز، سەرۆكی بزووتنەوەی عەتا كە خاوەنی 8 كورسییە لە نێو هاوپەیمانیی نەسر، دژی هاوپەیمانیی نێوان سەدر و عەبادی وەستایەوە. هەفتەی رابردوو پاش ئەوەی بە فەرمانێكی دیوانی سەرۆكوەزیران، فەیاز لە هەرسێ‌ پۆستەكەی (راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی) دوورخرایەوە، بزووتنەوەكەی یەكسەر كاردانەوەی نیشاندا و فالح فەیازی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید كرد. 

عەبادی دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران لە ناوەڕاستی 2014 سەرجەم دەستوپێوەندەكانی مالیكی لە جومگە هەستیارەكانی دەوڵەت دوورخستەوە، بەڵام دەستی بۆ پۆستەكەی فەیاز نەبرد، بەڵكو سەرۆكایەتی گەورەترین هێزی سەربازیشی پێدا كە حەشدی شەعبییە، بەڵام خەونی سەرۆكایەتی حكومەت، فەیاز-ی لە هەموو پۆستێك داماڵی.

بەهێزترین كاندید لەدوای عەبادی

رافد جبووری، رۆژنامەڤانی ناسراوی عێراقی لەبارەی دوورخستنەوەی فەیاز بە (رووداو)ی گوت: "فەیاز لە دوای عەبادی بەهێزترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران، چونكە پەیوەندی لەگەڵ واشنتن و تارانیش باشە، هیچ بەریەككەوتن و ناكۆكییەكی لەگەڵ كورد و سوننەشدا نەبووە، بۆیە دەیەوێ‌ سوود لە ڤیتۆی ئێران لەسەر عەبادی وەربگرێت".

ئەو رۆژنامەڤانە عێراقییە كە ماوەیەك گوتەبێژی عەبادی بوو، پێیوایە سەرۆكوەزیران بەبێ‌ گڵۆپی سەوزی ئەمریكییەكان، فەیازی لانەداوە و دەڵێت: "راستە ئەمریكا كێشەی لەگەڵ فەیاز نییە، بەڵام خەونی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران لەلایەن فەیاز ناكۆكە لەگەڵ پرۆژەی ئەمریكا لە عێراق".

حاجی فەیاز كێیە؟

فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز، 62 ساڵ، لە بنەماڵەیەكی ناسراوی هۆزی ئەلبوو عەمارە، ساڵی 1977 بەشی ئەندازەی كارەبای لە زانكۆی مووسڵ تەواو كردووە. ئەندامی حیزبی دەعوە بووە و لە 24/12/1980  لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركراوە و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام تەنیا پێنج ساڵ لە زیندان مایەوە و ئازاد كرا.

لە نێوان نازناوی جەنابی راوێژكار و شێخ و مامۆستا، فالح فەیاز حەز دەكات بە "حاجی" بانگ بكرێت، بەپێی قسەی بەرپرسێكی باڵای ئەمنیی عێراق بۆ رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، فەیاز سێ‌ خەسڵەتی بەهێزی هەیە: (نهێنیگر، عەشیرەت و پیشەییبوون لە كارەكەی) ئەمەش وای لێكردووە لەلای شیعە و سوننە و تاڕاددەیەكیش كورد، ئەمریكا و ئێران و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، قبوڵكراو بێ‌.

لە ساڵی 2005 فەیاز بووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. ئەگەرچی لەگەڵ جەعفەری رەوتی ئیسڵاحیان لە حیزبی دەعوە جیاكردەوە، بەڵام فەیاز رایەڵە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ مالیكی و حیزبی دایك هێشتەوە، هەر بۆیە لە سەردەمی ویلایەتی مالیكی، پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی وەرگرت.

كەس باسی عەبادی ناكات

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی پێیوایە فالح فەیاز خاوەنی كوتلە و پێگەیەكی جەماوەری نییە تا پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێ و دەڵێت: "باسی تارق نەجم و قاسم ئەعرەجی دەكرێت، باسی عەبادی ناكرێت، ئێمە لەگەڵ سوننەكانیش كۆبووینەوە، باسی عەبادییان نەكرد، بەڵكو باسی نزیكایەتییان لە بەرەی مالیكی دەكرد".

هەر لەوبارەوە عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت عەبادی لە لیستی ئەو كەسانەدا نییە كە كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، "دوای غرووری و رشتنی خوێنی پێشمەرگە و بەكارهێنانی هێز لە دژی هەرێمی كوردستان، بڕوا ناكەم سەركردایەتیی كورد پشتیوانی عەبادی بكات".

سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی پارتی داوا لە حیزبەكەی دەكات ئەگەر ئەمریكاش داوای دانانەوەی عەبادی بكات، نابێ‌ رازی بێت و دەڵێ‌: "گرنگ ئەوەیە عەبادی نەبێتەوە سەرۆكوەزیران و كەسێكی دیكە دابنرێت كە بەڵێنی جێبەجێكردنی داخوازیی كورد بدا".

فەیاز سوود لە ڤیتۆی كورد وەردەگرێ

ئەگەرچی فەیاز هاوكار و هاوپەیمانێكی گەورەی عەبادی بوو لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا، كەچی عەبادی بە بیانووی تێكەڵكردنی كاری سیاسی و حیزبی، لەگەڵ كاری ئەمنی، فەیازی دوورخستەوە. بەپێی شرۆڤەكارانی سیاسی، هەوڵەكانی فەیاز بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆكوەزیران وایكرد هەر سێ‌ پۆستەكەی لە دەست بدات. 

رافد جبووری پێیوایە كورد ڤیتۆی لەسەر عەبادی هەیە، بەڵام بە ئاشكرا نایڵێن، بە تایبەتی كە عەبادی لەبارەی كەركووكەوە ئامادە نییە سازش بۆ كورد بكات، بۆیە فالح فەیاز خۆی وەكو شوێنگرەوەی عەبادی دەخاتەڕوو.

لە پرۆفایلی فالح فەیازدا لە ماڵپەری راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە چوار خاڵدا باسی روانگەی خۆی بۆ مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق كردووە، لە خاڵی دووەمدا تایفەگەری و ناكۆكیی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و ناڕوونیی هەندێك ماددەی دەستووری، بە گەورەترین هەڕەشە دەزانێ.

فەیاز لەگەڵ شیعە، سوننە و كوردە

فەیاز دوای شەڕی داعش، رۆڵ و كاریگەری دەركەوت. بەشێك لە میدیاكانی عێراق پێیانوایە یەكێكە لە پیاوە بەهێزە ئەمنییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام كەم بۆ میدیا قسە دەكات. كەسایەتییەكی نەرمی هەیە، شیعەیەكی نامەزهەبییە، لە پشتی پەردەوە عەرابی شەڕی داعش بووە. كاتێك ئەمریكا فڕۆكەی F16ی رادەستی عێراق كرد، فەیاز لە پشتی عەبادی وەستابوو. كاتێك سەركردە كوژراوەكانی حەشد بە خاك دەسپێردران، فەیاز لە پاڵ مالیكی و عامری بوو. كاتێك سوهەیب راوی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار تاوتوێی دەركردنی داعشی لە پارێزگاكەی دەكرد، فەیاز لە تەنیشتی دانیشتبوو. كاتێكیش ئامادەكاری بۆ شەڕی مووسڵ دەكرا، فەیاز بەردەوام لە سەری رەش و سحێلان بوو بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتی پێشووی هێزی پێشمەرگە. ئەمە جگە لەوەی فالح فەیاز قاچێكی لە دیمەشق بوو لە ئۆفیسەكەی بەشار ئەسەد و قاچێكی دیكەشی لە تاران بوو لای عەلی شەمخانی و عەلی ئەكبەر ویلایەتی.

سەرەڕای پەیوەندییەكی باش لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام فالح فەیاز بە كەسایەتییەكی نزیك لە ئێران دادەنرێت، گەورەترین خزمەتی ئێرانی كرد، كاتێك موجاهیدینی خەلقی لە عێراق دەركرد.

خاڵێك كە چانسی فەیازی بەهێز كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران، پەیوەندیی عەشیرەتییە لەگەڵ هۆزە شیعەكان و ئەو هۆزە سوننانەی لە پشتێنەی شاری بەغدا تا دیالە و ئەنبار شۆڕبوونەتەوە، ئەمەش پشتیوانێكی گرنگە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران لەلایەن فەیازەوە بەو پێییەی عەرەبی سوننە و كورد لە نێوان عەبادی و فەیاز كەسایەتی دووەم هەڵبژێرن. بەڵام رافد جبووری پێیوایە كێشەی گەورەی فاڵح فەیاز ئەوەیە لەنێو حیزبی دەعوە پێگەی نەبووە و لە ریزی سەركردە باڵاكاندا نەبووە. 

بەڵام موسەننا ئەمین ئەوە بە گرفت نازانێت و دەڵێت: "مالیكی و عەبادیش پێشتر پێگەی بەهێزیان لەنێو حیزبی دەعوە نەبوو، بە تایبەتی عەبادی كە لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگێكی كەمی هێنا، كەچی دواجار بووە سەرۆكوەزیران".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە