رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەیەک و ئاژانسێكی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکەن منداڵانی عێراق لە مەترسیی مینی چێندراو و پاشماوەکانی تەقەمەنی بپارێزرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، لە پێنج ساڵی رابردوودا 314 منداڵ لە عێراق بەهۆی مین و پاشماوەکانییەوە کوژراون یان برینداربوون.
رۆژی هەینی 04-04-2025 هەریەک لە فەرمانگەی کاروباری مین لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNMAS) و ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (UNICEF) داوایانکرد، منداڵانی عێراق لە مین و پاشماوەی تەقەمەنی بپارێزرێن.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "لە پێنج ساڵی رابردوودا لانیکەم 314 منداڵ لە عێراق بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە کوژراون یان برینداربوون."
پێر لۆدهامەر، سەرۆکی بەرنامەی کاروباری مین لە UNMAS لە عێراق رایگەیاند، ئەرکیان برەودانە بە سەلامەتی و پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق لە نەهێشتنی کێشەی تەقەمەنی و مینە چێندراوەکان؛ گوتیشی: "یوئێنماس لە کارکردن بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیەکی سەلامەتانە و شکۆمەندانە بۆ ئاوارەکان بەردەوام دەبێت."
فەرمانگەکە و ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی عێراقەوە دەڵێن، سەرەڕای هەوڵەکانی رێکخراوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، "هێشتا زیاتر لە 2700 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی بە مین چێندراوە یانیش پاشماوەی تەقەمەنی تێدایە کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات، رێگری لە گەشەی ئابووری دەکات و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و بژێوی ژیان سنووردار دەکات؛ ئەمەش رێگرە لەوەی کۆمەڵگە ئاوارەکان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە شوێنەکانیان."
ساندرا لاتوف، نوێنەری یونیسێف لە عێراق دەڵێت: "هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە، دوور لە هەڕەشەی مینەکان، منداڵێتییەکی سەلامەت و ئارام بەسەرببات"؛ جەختیشی کردەوە کە ئەم مەترسییانە نەوەک تەنیا هەڕەشە لە گیانی منداڵان دەکەن، بەڵکو مافی یاریکردن، فێربوون و گەشەکردنیش ناهێڵن.
ساڵانە 4ـی نیسان بە (رۆژی نێودەوڵەتیی هۆشیاریی لە مین) دەستنیشانکراوە؛ یوئێنماس و یونیسێف داوای هەنگاوی دەستبەجێ بۆ پاراستنی منداڵانی عێراق دەکەن.
ئەو فەرمانگە و ئاژانسە پابەندبوونی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق بۆ خێراکردنی هەوڵەکانی پاککردنەوەی مین دووپات دەکەنەوە، هەروەها جەخت لە فراوانکردنی پرۆگرامەکانی پەروەردەیی سەبارەت بە مەترسییەکانی مین و بەهێزکردنی رێکارە پارێزەرەکان بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەلامەت بۆ منداڵانی عێراق دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ