رووداو- هەولێر
لە گوتارێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند جارێک "تکا" لە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک دەکات ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دابگرێت.
دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (سێشەممە 4-4-2017) حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، داوای لە حکومەتی خۆجێی کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک کرد "رێز لە ماددە دەستوورییەکان بگرن و بڕیاری تاکلایەنە نەدەن".
عەبادی ئاماژە ی بەوەشکرد لەگەڵ نەجمەدین کەریم لەسەر ئەو پرسە قسەی کردووە و گوتی "داوام لێکرد لە بڕیارەکەی پاشگەزببێتەوە و ئەگەر ئاڵای کوردستانتان بەبۆنەی نەورۆز هەڵداوە، ئەوا ئێستا یادەکان تەواو بوون و پێویستە ئاڵاکە دابگیرێت".
دەقی بەشێک لە گوتەکانی عەبادی:
ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە، ژمارەیەک بڕیاری دا. یەکێکیان لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان بوو لەسەر فەرمانگە و باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک. لەمبارەیەوە راگەیێندراوێکمان ئامادەکردووە پێموایە بڵاوکراوەتەوە و ئاماژەمان بەوەداوە، کە ئێستا لەهەموو کاتێک پێویستیمان بەیەکگرتوویی هەیە وەک چۆن هێزە ئەمنییەکانمان بەیەکگرتوویی کاردەکەن سوپای عێراق و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی و یەکە ئەمنییەکانی دیکە هاوئاهەنگن و پێکەوە لە بەرەکاندا بەرەی پاراستنی کەرامەت و شەرەفدا دژ بە دووژمن و دژ بەداعش دەجەنگن. سوپاس بۆ خوا سەرکەوتنی نیشتمانی مەزن و یەک بەدوای یەک ئەنجامدرا و دەستکەوتەکانیش بەیەکسانی بۆ هەموو هێزەکان دەگەڕێتەوە لە جوامێرییان بۆ لەناوبردنی داعشو ئازادکردنی خاکی عێراق لەژێر چنگی داعش و تیرۆریستان.
ئەو بڕیارە تاکلایەنەی حکومەتی خۆجێی شاری کەرکووک داویەتی لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان بە بەشدارینەکردنی پێکهاتە سەرەکییەکانی دیکەی شارەکە. حکومەتی عێراقی جەخت لەرێزگرتنی سەرجەم لایەنەکان دەکات بۆ بڕگە و ماددە یاساییەکانی دەستووری عێراق و پێداگری لەپێکەوە ژیانی نەتەوەیی و ئەتنیکی و ئاینی و مەزهەبی ئەم شارە دەکەین و مکوڕی لە دیالۆگ و دانووستان دەکەینەوە و بڕیاری تاکلایەنە رەتدەکەینەوە و دەمانوێت ئەم شارە ببێتە نموونەی پێکەوە ژیان لە سەرجەم عێراق و ناوچەکە. ئەنجوومەنی وەزیران سووڕبوونی خۆی رادەگەیێنێیت بۆ بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سەروەرییەکەی و پێکەوەژیانی هاوبەش و گرتنەبەری رێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ پێکانی ئەم ئامانجە مەزنە.
داوام لە بەڕێز پارێزگاری کەرکووک کرد ئاڵایەکە بهێنێتە خوارەوە و بەڕاشکاوی پێم گووت ئێستا دەرفەتێکت هەیە، دەزانم پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە هەڵوێستێکی ناخۆشە هەندێک کەس پێی وایە ئەمە کارێکی زۆر نامۆیە. بەپێچەوانەوە من سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراقم و تۆش پارێزگاری هەموو کەرکووکییەکانی بەڵام ئەمە سەرکەوتن نییە لایەنگیری بۆ لایەنێکی دیاریکراو بکەیت و پشت لە پێکهاتەیەکی دیکە بکەیت. بۆت هەیە هەموو کەرکووکییەکان بەڕێوەببەیت. پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ هەموو کەرکووکییەکانە. ئێستا دەرفەتێک هەیە ئاڵاکە بهێنیتە خوارەوە. چونکە ئاڵاکەتان لە نەورۆز هەڵکرد، جەژنی نەورۆزیش کۆتایی هات دەستکەوتێکتان بەدیکرد لەم جەژنە نەتەوەییەدا ئاڵایەکی نەتەوەییتان هەڵکرد کارێکی زۆر بەڕێزە زۆریش بەڕێزە و ئێمەش شانازی بە کورد دەکەین کە بەشێکی سەرەکین لە عێراق. لە چوارچێوەی عێراقی یەکگرتوودا ، بەڵام رەخنە و گلەیی هەیە، ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ داگرتنی ئاڵاکە، ئاهەنگەکانی نەورۆز کۆتایی هات.
من داوا لە بەڕێز پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەم دەستپێشخەربن لە پاراستنی یەکێتی کەرکووک، دەستپێشخەربن بۆ ئەوەی ببنە موڵکی هەموو رۆڵەکانی پارێزگاکە . تکایە با پارێزگاکە ئاوەدانبکرێتەوە ، پێکهاتەکەی ئێوە و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەش لە عەرەب، تورکمان و مەسیحی لێی سوودمەندبن . ئەگەر ململانێ هەبێت، ئاوەدانکردنەوە نابێت . ململانێ لەسەر ئاڵا بۆ چی؟ ، ئاڵاکە زیاتر لە 10 ساڵە لە کەرکووک هەڵکراوە، ئەنجوومەنی پارێزگا بۆچی ئەو بڕیارە دەدات؟ ئەو گرژییە لە بەرژەوەندی کێیە، من لەگەڵ بەڕێز پارێزگار قسەم کردووە و پێم گوت بۆچی گرژی دروست دەکەیت، لە بەرژەوەندی کێ دایە؟، ئێوە پێشتر ئاڵاتان هەڵکردووە ، ئێستا بۆ بەمشێوەیە گەورەی دەکەن، لەکاتێدا حەویجە تاوەکو ئێستا رزگارنەکراوە، تاوەکو ئێستا هەڕەشەو مەترسی لەسەر کەرکووک هەیە چەند مانگێک لەومەبەر بینیتان داعش هێرشی کردە سەر شاری کەرکووک و چوونە نێو کەرکووک. تۆ ئێستا بەشێکی لە خۆڕاگری بەرامبەر ئەو هێرشە و یەکڕیزی خەڵکەکە، پێویستە یەکێتی و یەکڕیزی هاوڵاتیان بپارێزیت کە هەموویان دڵیان یەکە ، لە کاتێکدا داعش هەیە بۆچی ئەم کارە دەکەیت و لە بەرژەوەندی کێیە؟. من بەڕاشکاوانە لە دڵێکی پاکەوە لە سووربوونی خۆمانەوە لەسەر کەرکووک و سووربوونمان لەسەر هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک داوا لە بەڕێز پارێزگار دەکەم کە کەسی یەکەمی پارێزگاکەیە لە رووی جێبەجێکردنەوە ، ئەنجوومەنی پارێزگاش کە باڵاترین ئەنجوومەنە لە لایەنی چاودێریی و بەرپرسیاریەتی تکاتان لێدەکەم دەرفەتێک بدەنە هاوڵاتیان تاوەکو لێکگەیشتن ئەنجام بدرێت و دەرفەت بدرێتە پێکهاتەکان و تکاتان لێدەکەم لەو بڕیارەتان پاشگەزببنەوە ، تکایە لە بڕیارەکەتان پاشگەزببنەوە بۆ خزمەتی پێکهاتەکان و پێکهاتەکانی دیکە بۆ ژیانی ئاشییانە لە نێوان پێکهاتەکانەوە، پشتیوان بەخوا وەڵاممان دەستدەکەوێت.
داڕشتنەوە: حەکیم داود

.jpg&w=3840&q=75)

