رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی عێراق رایدەگەیێنێت، رێنوێنی دەرکراوە بۆ ئەوەی چەکدارانی سەر چیای شنگال دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن و رێگە بە مانەوەی هیچ چەکدارێکی "بیانی و نایاسایی" لەو قەزایە نادرێت. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان سوپا و پێشمەرگە "لە باشترین دۆخدایە".
رۆژی سێشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026، فەریق روکن قاسم محەممەدی، فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی عێراق، بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە تەواوی کۆنترۆڵی دۆسیەی ئەمنییان لە سەرجەم میحوەرەکاندا کردووە و "بە هیچ جۆرێک رێگە بە گەڕانەوەی داعش بۆ قۆناخی پێش ساڵی 2014 نادرێت." هاوکات تیشکی خستە سەر دۆسیەی شنگال، هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، دۆخی کەرکووک، دروستکردنی فەرماندەییەکی نوێی سەربازی و پێداویستییەکانی سوپا.
سەبارەت بە دۆخی قەزای شنگال، فەرماندەی هێزەکانی وشکانی رایگەیاند، جووڵەیەکی فراوان لەسەر ئەم دۆسیەیە هەیە و عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە راسپێردراوە.
قاسم محەممەدی گوتی، "شاندێک بە سەرۆکایەتیی سوپاسالاری عێراق و بەشداریکردنی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، فەرماندەی هێزەکانی وشکانی و بەرپرسانی هەواڵگری سەردانی شنگال دەکەن. دەبێت هەر چەکدارێکی بیانی و نایاسایی ناوچەکە بەجێبهێڵێت، چونکە ئەوێ گۆڕەپانی ئەوان نییە."
فەرماندەی هێزەکانی وشکانی ئاماژەی بەوە کرد، "چەکدار لەسەر لووتکەی چیای شنگال هەن و رێنوێنی دەرکراوە کە دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە مانەوەیان نادرێت. هاوکات کار لەسەر ئەوە دەکرێت هاووڵاتییانی عێراقیی دانیشتووی شنگال لەنێو دامەزراوە ئەمنییەکاندا وەربگیرێن و ئیدارەیەکی خۆجێیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵک پێکبهێنرێت شانبەشانی ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە."
لەبارەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، قاسم محەممەدی رایگەیاند، لیوا هاوبەشەکانی یەک و دوو لە نەتەوە جیاوازەکان و بە یەکگرتنی لیوایەکی سوپا و لیوایەکی پێشمەرگە پێکهێنراون تاوەکو بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزەکانی فیدراڵ و هێزەکانی هەرێمی کوردستان پڕبکەنەوە. گوتیشی، "پەیوەندیی نێوان هێزەکانی فیدراڵ و هێزەکانی هەرێمی کوردستان لە باشترین دۆخدایە. کۆبوونەوەی بەردەوام و ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەش لە دیالە، کەرکووک، نەینەوا، هەولێر و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەن. هاوئاهەنگییەکان ناوچەی چیای قەرەچووغ و هێڵە سنوورییە جیاکەرەوەکانیش دەگرێتەوە بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی تیرۆریستان و قاچاخچێتی."
لەبارەی دۆخی ئەمنیی کەرکووکەوە، فەرماندەی هێزەکانی وشکانی ئاماژەی بەوە کرد کە زنجیرەچیاکانی حەمرین و دۆڵەکانی وەک وادی شای، وادی ئەبو خەناجەر و وادی زەغیتوون، بەهۆی سەختیی جوگرافیاکەیانەوە لەلایەن پاشماوەکانی داعشەوە بۆ خۆحەشاردان بەکاردەهێنران، بەڵام ئێستا بە چڕی چاودێری دەکرێن.
سەبارەت بە ژمارەی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە، قاسم محەممەدی رایگەیاند، "بەپێی خەمڵاندنەکان، لە سنووری کەرکووک ژمارەی چەکدارانی داعش لە هەر مەفرەزەیەکدا لە سێ کەس تێپەڕ ناکات. دۆخی نێو شاری کەرکووک و دەوروبەری سەقامگیرە و پەیوەندییەکی برایانە لەنێوان پێکهاتەکاندا هەیە، جووڵەی هاتووچۆ و بازرگانی لەنێوان کەرکووک لەگەڵ هەولێر، سلێمانی، دووزخورماتوو و تکریت بە تەواوی ئاساییە."
.jpg&w=3840&q=75)


