سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات دەنگ بە هیچ بەربژێرێک نەدەن

03-11-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن موقتەدا سەدر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژى موقتەدا سەدر داوا لەلایەنگرانى رەوتەکەى دەکات دەنگ بە هیچ بەربژێرێکى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان نەدەن، هەروەها خۆیان پەلکێشی نێو ململانێى لایەنەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى نەکەن. دەشڵێت، "گرووپێک هەن کە رووخساریان داپۆشیوە و وێنەى نوورى مالیکى لێدەکەنەوە."
 
رۆژی 3ـی تشرينى دووەمى 2023، سەڵاح عوبێدى، گوتەبێژى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر پەیامێکى دەنگى ئاراستەى لایەنگرانى ئەو رەوتە کردووە لەبارەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و دەستپێکردنى بانگەشەى ئەو هەڵبژاردن.  
  
گوتەبێژى موقتەدا سەدر لەو پەیامەدا دەڵێت، ململانێى هەڵبژاردن لە نێوان زیاتر لە هێزێکى شیعە هەیە لەسەر کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و رەوتى سەدر نە لە نزیک نە لە دوور بەشێک نین لەو هەڵبژاردنە و "سەت لە سەت بێ لایەن دەبین."
 
گوتەبێژى موقتەدا سەدر هەروەها دەڵێت، "یەکێک لە کارە ناڕەواکان کە لە نێوان لایەنە رکابەرەکاندا هەیە ئەوەیە گرووپێک هەن رووخساریان داپۆشیوە و وێنەى نوورى مالیکى لێدەکەنەوە سروودەکانى شەهید سەدر دەڵێنەوە وەک ئەوەى سەر بەو رەوتە بن، ئەمە راست نییە و ئەوانە هەر سەر بە چوارچێوەى هاوئاهەنگین و نەیارى مالیکین و ئەو خۆى دەزانێت کە کێ لەدژى کار دەکات."
 
رۆژی 1ـی تشرینى یەکەمى 2023، هەڵمەتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق و پارێزگای کەرکووک دەستیپێکرد. هەڵبژاردنەکە لە 18-12-2023 دەکرێت، بەڵام رەوتی سەدر بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا نەکردووە.
 
سەڵاح عوبێدى، بەلایەنگرانى رەوتەکەیان دەڵێت، "نابێت بچن دەنگ بدەن بە کەسێک بەهۆى نزیکایەتى و ناسینەوە، چونکە ئەمە دەتانبات بۆ رێگەیەک کە موقتەدا سەدر نایەوێت، ناشبێت پەلکێش بن بۆ ئەو رکابەرییە نالۆژیکیەى کە لەنێوانیاندا هەیە و لە رۆژانى داهاتوودا زیاتر دەبن."
 
گوتەبێژەکەى سەدر داواش لە لایەنگرانى رەوتى سەدر دەکات، لە شەڕى راگەیاندنى نێوان لایەنەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بێلایەن بن و چاودێرى بکەن و تۆماری بکەن و وێنە و ڤیدیۆ و نووسینەکانیان تۆمار بکەن، کە لە داهاتوودا دەبنە بەڵگە بۆ سەرکۆنەکردنیان.
 
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان تێیدا بەشدارن جگە لە سەلاحەدین و کەرکووک و نەینەوا، لە 13 پارێزگاى دیکە بە لیستى جیاواز بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یوسف گەنناوی، پارێزگاری نەجەف

پارێزگاری نەجەف: دیداری هەولێر-نەجەف لە دۆخێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت

یوسف گەنناوی، پارێزگاری نەجەف رایدەگەیێنێت، دیداری نەجەف-هەولێر "دیدارێکی زۆر گرنگە و لە دۆخێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت" کە عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن.