رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، "رۆژی نیشتمانیی راستەقینەی عێراق ئەو رۆژەیە کە وڵات لە گەندەڵی و گەندەڵکاران رزگاری دەبێت؛ ئەو رۆژەیە کە وڵات چاکسازیی راستەقینەی تێدا دەکرێت."
رۆژی دووشەممە 03-10-2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە رۆژی نیشتمانی عێراقدا تویتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەمڕۆ رۆژی نیشتمانیی عێراقە؛ بۆیە بژی عێراقی ئازاد و سەربەرز و سەربەخۆ و بەهێز، بەڵام رۆژی نیشتمانیی راستەقینەی عێراق ئەو رۆژەیە کە وڵات لە گەندەڵی و گەندەڵکاران رزگاری دەبێت."
ئەمڕۆ رۆژی نیشتمانیی عێراقە، چونکە لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ساڵی 1932 کۆمەڵەی گشتیی کۆمەڵەی گەلان لە جنێڤ ئەندامێتی عێراقی لە کۆمەڵەکەدا پەسند کرد.
موقتەدا سەدر باس لە چاکسازی دەکات و دەڵێت، "رۆژی نیشتمانیی راستەقینەی عێراق رۆژی چاکسازیی راستەقینەیە بە بێ پاشکۆیی و پشکپشکێنە و تاقیکراوە؛ هەروەها بەبێ گەندەڵی و دەستوەردانی دەرەکی و گرووپە چەکدارەکان."
رێبەری رەوتی سەدر باسی لەوەش کردووە: "دەبێ عێراق دەوڵەتێکی پیرۆز بێت؛ نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی بێت."



.png&w=3840&q=75)