رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، رۆژانە سەدان کەس کە یاسای لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە، ئازاد دەکرێن و پڕۆسەکە لە رۆژانی پشووشدا بەردەوامە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێی نیسان، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی بەردەوامە؛ تەنیا دوێنێ زیاتر لە 800 کەسی سوودمەند لە یاساکە ئازادکراون."
بە گوتەی ئەحمەد لعێبی، "وەزارەتی داد ناتوانێت سوودمەندبووانی یاساکە دەستنیشان بکات و ئەو کارە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی دادوەرییە؛ وەزارەتی داد لایەنی جێبەجێکارە."
لەبارەی ئاماری گشتیی ئازادکراوان، گوتەبێژی وەزارەتی داد گوتی: "تاوەکو سەرجەم سوودمەندبووانی یاساکە ئازادنەکرێن، ئاماری کۆتایی بڵاوناکەینەوە، بەڵام رۆژانە سەدان کەس کە یاساکە دەیانگرێتەوە ئازاد دەکرێن و لە رۆژانی پشووشدا پڕۆسەکە بەردەوامە."
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی داد بۆ رووداو، عێراق 30 بەندینخانەی هەیە کە زیاتر لە 67 هەزار بەندکراویان تێدایە. لەو بەندکراوانە، هەزار و 600 کەسیان بیانین.
یاسای لێبووردنی گشتی لەگەڵ هەمواری یاسای باری کەسێتی و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکران.
رۆژی سێی شوباتی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ