رووداو دیجیتاڵ
لە پرسەیەک لە قەزای هاریسەی باکووری بەسرە، ئامادەبووان لە دڵەوە دەگرین و فرمێسک دەڕێژن، خاوەنی پرسەکە کەڕاڕ و جیهادی براین، کە هەریەکەیان لە رووداوەکەی هاتووچۆی قەزاکە دوو منداڵیان لەدەستدا.
رووداوێکی ناخهەژێن ئێوارەی دوێنێ لە قەزای هاریسە روویدا، شەش منداڵ لە رێگەی قوتابخانە گیانیان لەدەستدا و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون.
جیهاد تاهیر، باوکی دوو لە قوربانییەکان بە رووداوی گوت "خەڵک وەک من دڵتەنگ مەکەن، منداڵەکانم بە دەمی بەڕۆژووەوە گیانیان سپارد، پیرۆزیان بێت. بە یەکێکیانم گوت رۆژووت بشکێنە، پێی گوتم هێشتا کاژێرێک ماوە بۆ بەربانگ و دەچم تۆپی پێ دەکەم و دواتر رۆژوو دەشکێنم.".
جیهاد دەستی بۆ منداڵێک رادەکێشێت، کە لەتاو لەدەستدانی خوشک و براکەی رەنگی زەرد بووە و ناتوانێت بەپێوە بووەستێت، دەڵێ "تەنیا ئەو منداڵەم ماوە."
کەڕاڕ تاهیر، برای جیهادە و باوکی دوو قوربانیی دیکەی رووداوەکەیە بە گریانەوە قسە دەکات و دەڵێ "بێزاربووین، لە 2003ـوە داواکارییەکانمان پشتگوێ خراون. هەمیشە داوای دروستکردنی قوتابخانەیەک، پردی پەڕینەوەی پیادە، دانانی تاسە، مەفرەزەیەکی هاتووچۆ یان هێزێکی پۆلیسمان کردووە بۆ ئەم رێگەیە، کەچی بەدەمەوە نەهاتن. ئەگەر کارەساتەکەی دوێنێتان ببینیایە؛ تەرمەکان پارچە پارچە بوون، خوایە دیمەنێکی زۆر ناخهەژێن بوو، الله اكبر."
بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی خۆجێیی بەشداری پرسەکەیان کرد و گوێیان لە داواکارییەکانی خەڵکی قەزای هاریسە گرت، کە چەندین ساڵە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە. بەرپرسان بەڵێنی سزادانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیاندا.
خەلەف بەدران، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لەدوای بەشداریکردنی لە پرسەکە بە رووداوی راگەیاند "هەموو رێکارێک بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون، دەگرینەبەر و رێگەچارەی گونجاوی دوای ئەم رووداوە دەدۆزینەوە. لایەنە کەمتەرخەمەکان بە پێکهێنانی لیژنەیەک دەستنیشان دەکەین."
هەروەها ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق گوتی "داواکارییەکانمان وەرگرتن و لەگەڵ پارێزگار رێککەوتین بۆ ئەوەی دوو قوتابخانە لە هەردوولا دروست بکەین بۆ ئەوەی چیدی منداڵان ناچار نەبن بەسەر رێگە سەرەکییەکەدا بپەڕنەوە. هاوکات بەزووترین کات تاوەکو تەواوبوونی قوتابخانەکان، پردێکی تایبەتی پەڕینەوەی پیادە دادەمەزرێنین."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، پار زیاتر لە چوار هەزار کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ