دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی گەورەترین فراکسیۆن بڕیاریدا

03-02-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، هیچ لاریەک نییە لیستی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی لە هەر دانیشتنێکی پەرلەمانی پێشکێش بکرێت، تەنانەت ئەگەر دوای کۆبووونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش بێت، چونکە لیستی گەورەترین فراکسیۆن لە رووی ژمارە دەکرێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت بەپێی هاوپەیمانی نێوان پارت و لیستەکان. تا ئەو کاتەی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی لە رووی ژمارە لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان رادەگەیێنرێت و بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بەرزدەکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-02-2022 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ئەو تانەیەی لەلایەن دوو پەرلەمانتار لەبارەی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان پێشکەشی دادگە کرابوو، بڕیاری خۆی دا.
 
لە بڕیاری دادگەکەدا هاتووە: "تائێستا سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردراوە، تاوەکو تۆمارکردنی ئەو داوایەش سەرۆکایەتی پەرلەمان ناوی گەورەترین فراکسیۆنی لە رووی ژمارە رانەگەیاندووە، دەکرێت پارت و کەسەکان بەپێی مەرجەکان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ژمارە 9ی ساڵی 2020  داواکارییەک بە لیست پێشکێشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن، ناوی گەورەترین فراکسیۆن پەرلەمانی دیاری بکەن لە رووی ژمارەوە، بەشێوەی روون و ناوی واژۆکاران لەسەری (پارت و لیست، یاخود کەسایەتییە سەربەخۆکان) ، دواتر بەرزبکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار".
 
دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاریداوە بە رەتکردنەوەی هەردوو داواکە (مەبەست لە داواکەی عالییە نەسەیف و عەتوان عەتوانی). دووەم: داواکاران خەرجی و کرێ پارێزەر و بریکارانی داواکاری گشتی دەدەن، کە بڕەکەی سەت هەزار دینارە.
 
لە بەشێکی نووسراوەکەی دادگەدا دووپاکراوەتەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکۆمار پێویستی بە دوو لەسەر سێی ئەندامەکانی هەیە. دەبێت دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران ئامادەی کۆبوونەوەکە بن. 
 
لە راگەیێندراوێکدا عالیە نەسیف پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بە "دادپەروەر" ناوبرد، گوتی دادگە گرنگترین خاڵی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت یەکلاکردەوە.
 
عالیە نەسیف زیاتر روونیکردەوە، بەپێی بڕیاری دادگە بێت هیچ یەکێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و  فراکسیۆنی سەدر بە فەرمی گەورەترین فراکسیۆن نین، بەڵام دەبێت لە ئێستاوە دەست بە پێکهێنانی بکەن، دواتر پێشکێشی سەرۆککۆماری بکەن. هاوکات گوتیشی، دادگە میکانزمێکی دروستی داناوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە لە رێگەی شیکردنەوەی ماددەی 70 دەستوور، هەروەک پێشتر رامانگەیاند کە ماددەکە دووپات لەوەدەکاتەوە، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. 
 
هەریەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەدرییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، خاوەن گەورەترین هاوپەیمانێتی و فراکسیۆنی پەرلەمانین، ناکۆکییەکان لەسەر ئەوەبوون کە ئایا گەورەترین فراکسیۆن ئەو فراکسیۆنەیە زۆرترین کورسیی پەرلەمانی لەهەڵبژاردن بەدەستهێناوە، یان گەورەترین ئەو فراکسیۆنەیە کە لەدوای هەڵبژاردن پێکدەهێندرێت. دەستنیشانکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، بنچینەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقە.
 
 لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەماندا چوارچێوەی هاوئەنگی  بەناوی 88 پەرلەمانتار خۆی وەک گەورەترین فراکسیۆن ناساند و پێشکێشی مەحمود مەشەهدانی سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کرد، دواتر گرژی دروست بوو، دوای هەڵبژاردنی محەممەد حەلبووسی، بەسەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، حەسەن عوزاری لە فراکسیۆنی سەدر داوایەکی وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی پێشکێش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.
لەوبارەوە هەریەک لە پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا عالیە نسەیف و عەتوان عەتوان، تانەیان لە دادگای باڵای فیدرڵی تۆمارکرد لەبارەی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، جەختیان لەوەکردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەورەترین فراکسیۆنە لە رووی ژمارەوە. 
 
 بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 76ی دەستووری عێراق، سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژ لە رۆژی هەڵبژاردنی، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ناکۆکییەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا گەورەترین فراکسیۆن ئەو فراکسیۆنەیە زۆرترین کورسیی پەرلەمانی لەهەڵبژاردن بەدەستهێناوە، یان گەورەترین ئەو فراکسیۆنەیە لە دوای هەڵبژاردن پێکدەهێندرێت.
 
ساڵح ئەلڕدێنی، سەرکردەی هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان دەڵێت: "دەستنیشانکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، بنچینەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقە، کە رۆژی 7ی شوبات یەکەمیان هەڵدەبژێردرێت"، بەڵام عائید هیلالی، سەرکردە لەچوارچێوەی هاوئاهەنگیی دەڵێت ئەگەر تاوەکو ئەو رۆژە نەگەنە رێککەوتن، بەشداریی لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقدا ناکەن.
 
عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆییەی عێراق لەبارەگای بارزانی رایگەیاند: "کورسییەکانی ئێستای پەرلەمانی عێراق بەسەر سێ بلۆکدا دابەشبوون، یەکەمیان بلۆکی سەدرییەکان، سوننە، پارتی و بەشێک لە سەربەخۆکان کە خاوەنی 178 کورسین، بلۆکی دووەمیان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەکێتین کە خاوەنی 96 کورسین، بلۆکی سێیەمیش ئۆپۆزیسیۆن و سەربەخۆکانن کە خاوەنی 42 کورسین و هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە لە پرسی سەرۆککۆماردا هەڵوێستیان چی دەبێت".
 
   
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە