رووداو دیجیتاڵ
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، نامەیەکی دەستنووسی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت.
رۆژی یەکشەممە 02-10-2022 بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ ئیریک شۆڤاڵییە، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە و، نامەیەکی دەستنووسی ئیمانوێل ماکرۆنی پێگەیشت.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، "نامە دەستنووسەکە، پەیوەست بوو بە بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست لە سەرجەم بوارە جیاجیاکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەروەریی عێراق و پشتیوانیی فەرەنسا بۆ چەسپاندی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق".
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە دوای 2014ـەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش پاڵپشتیی لە عێراق کردووە. سەرۆکی فەرەنساش بەردەوام پابەندبوونی وڵاتەکەی بە هاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی تیرۆر دووپاتدەکاتەوە.
هەروەها لە دوای خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر و دەستگرتن بەسەر باڵەخانەی پەرلەمان، ماکرۆن لە تویتێکدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و هیوای خواست "ئارامی و دانبەخۆداگرتن" باڵ بەسەر دۆخی عێراقدا بکێشێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەر لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێکارەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکان کرا و جەختکرایەوە لە گرنگی پتەوکردنی هاوکاری لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیاوازەکانی جیهان و ناوچەکە، بە تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوکاریی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و کولتووری و پاراستنی ژینگەیی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ