رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دادگە فەرمانی دەستگیرکردن و ئامادەبوونی بۆ چەند بەڕێوەبەرێکی گشتیی پێشووتری وەزارەتی بەرگریی عێراق دەرکرد، چونکە "بە مەبەست" زیانیان بە سامانی گشتیی گەیاندووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی یەکشەممە 02-10-2022، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگەی لێکۆڵینەوەکانی کەرخی دووەم [لە بەغدا]، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری پێشووتری فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەرکرد.
هەروەها فەرمانی ئامادەبوونی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری فەرمانگەی دابینکردن و پڕچەککردن لە وەزارەتی بەرگریی دەرکرد، هاوکات فەرمانی ئامادەبوونیشی بۆ ئەمینداری گشتیی پێشووتری وەزارەتەکە دەرکردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاشکراشی کرد: دادگەی لێکۆڵینەوەکانی کەرخی دووەم لەسەر سکاڵای وەزیری بەرگریی عێراق دژی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان و بەپێی ماددەی 340ی یاسای سزاکان ئەم فەرمانانەی دەرکردووە.
لە ناوەڕۆکی ماددەی 340ی یاسای هەموارکراوی سزاکانی عێراق ژمارە 111ـی ساڵی 1969دا هاتووە: هەر فەرمانبەرێک یان راسپێردراوێک بۆ راپەڕاندنی ئەرکێکی گشتیی بە مەبەست زیان بە سامان یان بەرژەوەندییەکانی ئەو دامەزراوەیە بگەیێنێت کە کاری تێدا دەکات، بە زیندانیکردن سزا دەدرێت کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ