41 هاوپەیمانێتى لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمار کراون

02-07-2023
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

41 هاوپەیمانێتى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمار کراون کە لە ساڵانى 2018 و 2021 بە فەرمى پەسند کراون و لە دوو رۆژى یەکەمى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، داواکاریى نوێ پێشکێش نەکراون.
 
2ى تەممووزى 2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە دوو رۆژى کردنەوەى دەرگاى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان، هیچ هاوپەیمانێتییەکى نوێ تۆمار نەکراوە و لە زۆرینەى هەڵبژاردنەکاندا ئەو پرۆسەیە دەکەوێتە کۆتایی وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکانەوە تاوەکو حیزبەکان بەرچاویان روون بێت بۆ هاوکێشەکان."
 
لە 1ى تەممووزەوە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق دەرگاى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکانى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کردەوە، کە تاوەکو 30ی تەممووز بەردەوام دەبێت.
 
عیماد جەمیل رایگەیاند، پێشتر بۆ هەڵبژاردنەکانى ساڵانى 2018 و 2021، 41 هاوپەیمانێتى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمار کراون و ئەگەر هەیە گۆڕانکارییان تێدا بکرێت بە کشانەوەى پارتێک لە هاوپەیمانێتییەکان یان زیادکردنى پارتێک بۆ هاوپەیمانێتییەک.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013 ئەو هەڵبژاردنە بکرێت کە بۆ ماوەى چوار ساڵە، لەدواى ئەوەى لە ساڵى 2019 بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق کارکردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان سڕ کرا.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، نابێت ناوى هاوپەیمانێتییە نوێیەکان دووبارە بن و پێویستە سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکە یاسای لێپرسینەوە و دادوەرى نەیگرتبێتەوە و تاوانى لەسەر نەبێت.
 
بۆ یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2005، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک دەکرێت، کە پێشتر بەهۆى ناکۆکى لەبارەى تۆمارى دەنگدەران ئەو هەڵبژاردنەى تێدا نەکرابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە