رووداو دیجیتاڵ
دیوانی وەقفی سوننەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی "سووکایەتیکردن" بە هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) و هاوژینەکەی، رێکاری یاسایی دژی سروودبێژێکی شیعە مەزهەب بە ناوی (سەید فاقد) دەگرنەبەر. لە بەرامبەردا، سەید فاقد دەڵێت، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە "کۆنە" و بۆ مەبەستی تائیفی بەکاردەهێنرێت.
دووشەممە، 24ی ئابی 2026، دیوانی وەقفی سوننە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرکۆنەی ئەو "سووکایەتی و دەستدرێژیانە" دەکەن کە لەلایەن (سەید فاقد)ەوە بەرامبەر بە هاوەڵان و هاوژینەکانی پێغەمبەر (د.خ) کراوە. وەقفی سوننە دەڵێت: "ئەو دروشمانەی بڵاوکراونەتەوە، گوتاری مەترسیدارن و دەبنە هۆی نانەوەی فیتنە، رق و کینە و دووبەرەکی لەنێوان عێراقییەکاندا."
وەقفی سوننە ئاماژەی بەوە کردووە، لە رێگەی دادگەوە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەکەن و پەنا بۆ یاسا دەبەن دژی هەر کەسێک کە "سووکایەتی بە پیرۆزییە ئایینییەکان بکات یان هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان بکات."
دیوانی وەقفی سوننە داوای لە هاووڵاتییان کردووە دان بەخۆدا بگرن و "دووربکەونەوە لە هەر گوتارێک کە ببێتە هۆی خۆشکردنی ئاگری ناکۆکییە تائیفییەکان"، دەشڵێت، "یاسا دەبێتە تاکە مەرجەع بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە دۆسیانەدا."
سەید فاقد: گرتەکان کۆنن
لە بەرامبەردا، سەید فاقد موسەوی، سروودبێژی ناسراوی شیعە مەزهەب، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە و رەخنەی تووندی لەوانە گرتووە کە گرتە ڤیدیۆییەکانیان بڵاوکردووەتەوە.
سەید فاقد لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەسانەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بڵاودەکەنەوە "کەسانێکی دواکەوتوون" و لەبری ئەوەی لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئەوان دەکەن، گرتە ڤیدیۆییە کۆنەکانی ئەو بڵاودەکەنەوە کە پێشتر روونکردنەوەی لەبارەیانەوە داوە.
سەید فاقد ئاماژە بەوە دەکات، پێشتر لەسەر هەمان بابەت چووەتە بەردەم دادگە و دەڵێت: "دادگە بێبەریی کردووم لە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە مەزهەب و پێکهاتەکانی دیکە."



