رووداو-دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و کۆمپانیایەکی سووری سەرقاڵی دانوستاندن بۆ ئەوەی فۆسفاتی سووریا لە رێگەی خاکی عێراقەوە بگوازرێتەوە بۆ هەناردەکردن.
حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیای روسلاینى سووریا کردووە لە بارەی گواستنەوەی مادەی فۆسفاتی سووریا لە رێگەی عێراقەوە، بە مەبەستی گەیاندنی بە وڵاتانی دیکەی کەنداو و ئاسیا لە رێگەی بەندەرەکانی باشووری عێراق.
بەگوتەی حوسێن ئەحمەد، دانوستاندنەکان بۆ ئەوەیە سەرەتا بگەنە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و دواتر رێککەوتنی کۆتایی بۆ گواستنەوەی ئەو مادەیە لە رێگەی خاکی عێراقەوە.
یەدەگی سووریا لە فۆسفات بە 1.8 ملیار تۆن مەزەندە دەکرێت و ساڵانە 1.2 ملیۆن تۆنی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، مادەی فۆسفات مەترسیدارە و تەنیا لە رێگەی شەمەندەفەرەوە دەگوازرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوە بنرێت عێراق هێڵی ئاسنینی هیت بۆ عوکاشات لە ئەنبار چاک دەکاتەوە و لایەنی سووریاش لە سنووری خۆیەوە رێکاری هاوشێوە دەگرێتەبەر تاوەکو لەوێوە فۆسفاتەکە بگوازرێتەوە.
فۆسفات بۆ پیشەسازیی پەینی کیمیایی، پاککەرەوە، ئالیکی ئاژەڵ، پیشەسازیی خۆراکی و دەرمان بەکاردەهێنرێت.
حوسێن ئەحمەد رایگەیاند، ئامانجی عێراق لە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا سوورییەکە بۆ گواستنەوەی فۆسفات لە رێگەی خاکی عێراقەوە، زیادکردنی داهاتی نانەوتییە.




