رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، گرژی و ئاڵۆزیی تووند لەنێوان ژمارەیەک پەرلەمانتاری سوننە روویدا، هاوکات یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش پەسندکرا.
د. بەختیار شاوەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەی پەرلەمانی عێراق "شەڕە قسەی تووند" لەنێوان پەرلەمانتارانی سوننە روویداوە، بەتایبەتی لەنێوان زیاد جەنابی، ئەحمەد جبووری ناسراو بە ئەبو مازن، جاسم جبارە و موسەننا سامەڕائی، هەوڵیاندا پەلاماری یەکدی بدەن، بەڵام پەرلەمانتاران رێگرییان کرد، دواتر دۆخەکە هێوربووەوە و ئێستا کۆبوونەوەکە بەردەوامە.
د. بەختیار شاوەیس، کە هاوکات گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد، یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش پەسندکراوە.
ئامانج لە یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش بریتییە لە:
- هەموو ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکان قەرەبوو دەکرێنەوە
- ئافرەتانی رزگاربوو مووچەیەکیان بۆ دەبڕدرێتەوە
- ئافرەتانی رزگاربوو پارچە زەوییەک یان یەکەیەکی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت
- دەبێت ژیانێکی ئاسوودە بۆ ئافرەتانی رزگاربوو دابینبکرێت
- دەبێت خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکێشی ئافرەتانی رزگاربوو بکرێت
- دەبێت ژێرخانی ناوچەکانی ئافرەتانی رزگاربوو ئاوەدان بکرێتەوە
- دەبێت ئافرەتانی رزگاربوو و منداڵەکانیان تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە
- دەبێت دۆخی یاسایی منداڵانی ژنە رزگاربووەکان چارەسەر بکرێت
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەی ژمارە 38 لە وەرزی یەکەمی یاسادانانی ساڵی سێیەمی یاسادانان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئامادەبوونی 180 پەرلەمانتار دەستیپێکرد. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەممەدی کرد و داوای لە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرد تاوانباران بدۆزنەوە و رادەستی دادگایان بکەن.
نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، ستاییشی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعشی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەکات.
نادیە موراد کە براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی ساڵی 2018یە، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنێت لە دانپێداننان بە هەبوونی ئەو گوشارە دەروونییەی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی بەهۆی تووندوتیژی سێکسی بەدەستیەوە دەناڵێنن.
هەروەها دەشڵێت، "جێبەجێکردنی یاساکە پێویستی بەوەیە سەرنجی لەسەر پاڵپشتیکردنی تەواوەتی و ئاوێتەکردنی بەردەوامی رزگاربووان بێت" لەگەڵ کۆمەڵگە.
نادیە موراد لە توتێکی دیکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە بارەی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە کۆبووەتەوە.
هەروەها لە بەرامبەر پێشنیازکردنی پڕۆژە یاساکە، سوپاسی سەرۆککۆماری عێراق و هەموو ئەوانەش دەکات کە هاوکار بوون لە تێپەڕاندنی و کردنی بە یاسا. کچە کوردە ئێزدیەکە دەڵێت، "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک بەرهەم ساڵح لە بارەی تێپەڕاندنی یاسای رزگاربووانی ئێزدی کۆبوومەوە. دەمەوێت سوپاسی سەرۆک بکەم بۆ پێشنیازکردنی ئەو پڕۆژە یاسا وەرچەرخێنەرە، هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە هاوکاربوون لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی یاساکە نووسیویەتی "ئەم یاسایە هەنگاوێکی پێویست بوو بەرەو قەرەبووکردنەوە و سوککردنی ئەو بارە قورسەی کە تیرۆریستانی داعش بەسەر ئەو ژنە سەربەرزانەی ئێزدیان هێنا. كاتی ئەوەیە پاش زیاتر لە شەش ساڵ لەو مەرگەساتە مافەكانیان بۆ بگەڕێتەوە. جگە لەوانیش لەم قۆناخەدا سۆراخكردنی بێسەروشوێنەكانی ژنانی ئێزدی ئەركی هەموو لایەكمانە و گێڕانەوەی منداڵە لەدایكبووەكانی لێكەوتەی ئەم تاوانانەش لە سووریاوە بۆ كۆمەڵگە ئێزدییەكان ئەركێكی مرۆییە".
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا بکات و دەنگ لەسەر چەند پرۆژە یاسایەکی دیکە بدات، "کە دیارترینیان پرۆژە یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعشە".
پێشتریش لە سەرەتای شوباتی 2021دا، حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئاهەنگێکی رێزگرتن لە ئافرەتانی کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش لە بەغدا رایگەیاند "رێککەوتنی فراوان لە پەرلەمان هەیە بۆ دەرکردنی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش لە ماوەی داهاتوودا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ