وەزارەتی تەندروستیی ئێران هۆشداری لە کاریگەرییەکانی بەرزیی پلەی گەرما دەدات

31-07-2023
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی ئێران هۆشداری لە کاریگەرییەکانی پلەی گەرمای بەرز لەسەر تەندروستیی هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتییانی ئێران دەدات و دەڵێت، باشتر وایە لە کاژێر 10ی بەیانی تاوەکو 4ی دوانیوەڕۆ لە ماڵ نەچنە دەرەوە.

سەعید کەریمی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، "منداڵانی خوار 4 ساڵ و بەساڵاچووانی سەروو 65 ساڵ؛ هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی دڵ، شەکرە و پەستانی خوێنیان هەیە، مەترسی ئەوەیان لەسەرە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە نەخۆش بکەون. هەربۆیە دەبێت ئاگاداری خۆیان بن".
 
سەعید کەریمی ئەمڕۆ دووشەممە گوتی، هەموو بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان لە ئامادەباشییدا دەبن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هاووڵاتییان "نیشانەکانی گەرمابردنیان هەبوو، پێویستە سەردانی فریاکەوتنی خێرا و پزیشک بکەن."
 
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران گوتی، "بێهێزی، لاوازی، تینوێتیی زۆر، دابەزینی پەستانی خوێن و بوورانەوە لە نیشانە سەرەکییەکانی گەرمابردنن."
 
بۆ رێگەگرتنیش لە گەرمابردن، سەعید کەریمی داوای لە خەڵک کرد، "ئاو و شلەمەنییەکانی زۆر بخۆنەوە و لە شوێنی فێنکدا بمێننەوە."
 
کەشناسیی ئێران پێشبینی کردووە، لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی گەرما بەشی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بگرێتەوە کە تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە