رووداو دیجیتاڵ
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە سەردانێک لە تارانە و لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زنجیرەیەک کۆبوونەوەی کرد، میدیای فەرمیی ئێران و ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بە دوو گۆشەنیگای جیاواز ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی ئەوەی میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، پرسی ئاسایشی سنوورەکان و هەڕەشە دەرەکییەکان تەوەرەی سەرەکیی دیدارەکان بوون. غولام حوسێن ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ زێدان رایگەیاندووە: "پێویستە هەر جووڵەیەکی دژە ئەمنی لەسەر سنوورەکان یان لەلایەن لایەنی بێگانەوە بێت، بە هاوئاهەنگی هەردوولا پووچەڵ بکرێتەوە."
میدیای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گۆڕینەوەی زیندانییان کراوە. ئیژەیی ئاشکرای کردووە، پار 131 زیندانیی ئێرانی لە گرتووخانەکانی عێراقەوە رادەستکراونەتەوە.
هەر بەپێی میدیای ئێران، فایەق زێدان لە کۆبوونەوەکاندا سوپاسی پاڵپشتییەکانی ئێرانی کردووە لە ساڵی 2003 و شەڕی دژی تیرۆردا و گوتوویەتی، "عێراق هاوسۆزە لەگەڵ ئێران بەرامبەر بە دەستدرێژییەکان و تیرۆری ئابووری."
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، گێڕانەوەیەکی فەرمی و پرۆتۆکۆڵیی بۆ کۆبوونەوەکان بڵاوکردەوە. لە راگەیێندراوەکەی عێراقدا هاتووە، فایەق زێدان لەگەڵ غولام حوسێن ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و موحسین رەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەتەوە، بەبێ ئەوەی باسی وردەکاریی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بکات.
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بریتین بوون لە، "تاوتوێکردنی ئاسۆی هاوکارییە هاوبەشەکان، کاراکردنی رێککەوتنامە دادوەری و ئەمنییەکان و گۆڕینەوەی زانیاری و شارەزایی بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانی رێکخراو."
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
.jpg&w=3840&q=75)

