رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، هەموو مینەکانیان لە تەنگەی هورمز هەڵگرتوونەتەوە یان تەقاندوونیانەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە رێگەی هێزی بۆشایی ئاسمانەوە چاودێری تەنگەی هورمز دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 25ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە: "هەر ئێستا لەلایەن هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە ئاگادارکرامەوە کە تەواوی ئەو مینانەی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی تەنگەی هورمزدا بوون، لادراون یان تەقێندراونەتەوە".
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. وەک بەشێک لە وەڵامەکەی، رۆژی 2ی ئادار، ئێران تەنگەی هورمزی داخست.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران پشتڕاستیان نەکردووەتەوە کە مینیان لە تەنگەی هورمزدا دانابێ، بەڵام گوتویانە کە مین لەوێ هەیە و قورسە بتوانن بیاندۆزنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێران ئاگادارکراوەتەوە کە هەر کەشتی یان بەلەمێک مینی نوێ دابنێت، دەستبەجێ تێکدەشکێندرێ"؛ گوتیشی: "لە رێگەی هێزی بۆشایی ئاسمانەوە چاودێری هەموو سانتیمەترێکی تەنگەکە دەکەین، هەروەک چۆن چاودێری شاخی قوڵینگ و ئەو سێ پێگە ئەتۆمییەی دیکەیش دەکەین کە پێشتر بۆردوومان کراون".
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هاتن کە دوێنێ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ژمارەیەک سزای نوێی بەسەر تاراندا راگەیاند و دەستپێکی سیاسەتی هیچ لێبووردنێکی بەرامبەر ئەو وڵاتە راگەیاند.

.jpg&w=3840&q=75)
