رووداو دیجیتاڵ
جێگری یەکەمی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بانگکردن و لیستی تۆمەتەکانی بۆ 97 هاووڵاتی 9 وڵات، دەرکردووە کە "دەستیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبووە". لەوانە 73 کەسیان ئەمریکین و یەکێکیان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
رۆژی پێنجشەممە، 28-9-2023، محەممەد موسەدەق، جێگری یەکەمی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا کە بەشێک لە میدیا فەرمییەکانی ئێران گواستوویانەتەوە باسی پێشهاتەکانی دۆسیەی تایبەت بە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی کردووە و رایگەیاندووە: "تاوانی تیرۆرکردنی شەهید قاسم سولەیمانی لەسەر مێزی دادی ئێراندایە و بانگکردن و لیستی تۆمەت ئاڕاستەی 97 کەس کراوە، لەنێویاندا 73 ئەمریکی کە تاوانبارن بەو تاوانە."
محەممەد موسەدەق ئاماژەی بەوەدا، تائێستا 800 نووسراوی دادی ئاراستەی فەرمانبەران و پارێزەرانی یاسا کراوە و 12 هەزار لاپەڕە لە بەڵگەنامەی یاسایی لە 60 بەرگدا کۆکراوەتەوە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاشی بەوە تۆمەتبار کرد، کە فەرمانی جێبەجێکردنی ئەو هێرشەی کە بە "تیرۆریستی" ناوی بردووە، دەرکردووە و دەبێت بە بۆچوونی ئەو بەرپرسە دادییەی ئێران وەکو پشتیوانیکار و بەرپرسی ئەو هێرشە دادگایی بکرێت.

جێگری یەکەمی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرەیی ئێران، ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا داواکاری بۆ هاوئاهەنگیی دادی، ئاراستەی 9 وڵات کراوە، کە رەنگە لەو هێرشەدا تێوەگلابن و بەشێک لەو وڵاتانە وەڵامیان داوەتەوە.
هاوکات، پەسنی رێکارەکانی عێراقی تایبەت بەو دۆسیەیە کردووە و گوتوویەتی: "هەوڵدەدات بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەو دۆسیەیە و بەپێی رێککەوتنە دادییەکانی نێوانمان تائێستا چوار گەڕی گفتوگۆ لەبارەی شەهیدکردنی سەرکردە قاسم سولەیمانییەوە کراوە و ئەو کۆبوونەوانەش بەردەوام دەبن."
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی، شەوی 03-01-2020 لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج و کوژران.
حکومەتی ئێران لە سێ ساڵی رابردوودا لە رۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا رێوڕەسمی گەورەی رێکخستووە و وەکو قارەمانێکی نیشتمانیی ناوی دەهێنن.



