بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئێران کۆتایی هات

29-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بەیانی ئەمڕۆوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران کۆتایی هات. 
 
گوتەبێژی کۆمیتەی هەڵبژاردنی ئێران دەڵێت، دوایین ئامادەکارییەکان دەکرێن و لە کاژێر 08:00ـی بەیانی بە کاتی ئێران (7:30 بە کاتی هەولێر) لە رۆژی هەینی، 1ـی ئاداری 2024ـەوە هەڵبژاردن دەستپێدەکات.
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆمیتەی هەڵبژاردنی ئێران کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە، کاژێر 8:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ ماوەی یاسایی دیاریکراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ دوانزەیەمین خولی پەرلەمان و شەشەمین خولی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە کۆتاییهات.
 
کۆمیتەی هەڵبژاردنی ئێران داوای لە بەربژێران و لایەنە سیاسییەکان کردووە، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی، بەهیچ شێوەیەک بانگەشە نەکەن و هەموو چالاکییەکی بانگەشە رابگرن.
 
بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئێران لە 14ـی شوباتی 2024ـەوە دەستیپێکردبوو، هەروەها بانگەشەکان بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 22ـی شوباتی 2024ـەوە دەستیپێکردبوو.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران، 61 ملیۆن و 172 هەزار و 298 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران 15 هەزار و 200 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسیی پەرلەمان رکابەری دەکەن، کە رێژەی 12٪ ژن و 88٪ـیان پیاون، ئەندامەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
 
هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریدا 144 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 88 کورسی ئەو ئەنجوومەنە رکابەری دەکەن و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە