رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت، ئەوانەی دەڵێن دوای سووریا نۆرەی ئێران و یەمەنە، دەبێت بزانن نۆرەی خۆیانە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێمە لە سووریا کشاوینەتەوە و هیچ دەستوەردانێکمان لەو وڵاتەدا نییە."
عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران لە گوتەیەکدا لە تاران رایگەیاند، دوای پێشهاتەکانی سووریا هەندێک کەس باسی ئەوە دەکەن کە دوای سووریا نۆرەی ئێران و یەمەنە، "من دەڵێم نۆرەی ئێوەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خەڵکەی هەمانە، بە دڵنیاییەوە بە لای ئێمەدا نایەن. (باشتر وایە) ئێوە ئاگاداری خۆتان بن."
وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان ئامادەن رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە و گوتی: "ئەرکمان روونە. ئامادەین وەڵامی هەڕەشەکانی دووژمن بدەینەوە. لە رۆژی شەممەوە زنجیرەیەک مانۆڕی هێزە چەکدارەکانمان دەستپێدەکات و توانا بەرگری و هێرشبەرییەکانی هێزە چەکدارەکانمان دەبینن".
نەسیرزادە رەتیکردەوە "بەرەی موقاوەمە" لاواز بووبێت و رایگەیاند: "هەندێک کەس و لایەن بە مەبەست دەڵێن بەرەی موقاوەمە لاواز بووە، بەڵام بەو جۆرە نییە. ئەوانەی ئەم قسە و باسانە دەکەن لە موقاوەمە تێناگەن."
رۆژی 8-12- 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام دیمەشقی پایتەختی سووریایان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، بەو جۆرەش ئێران هاوپەیمانێکی گرنگی لە ناوچەکەدا لەدەست دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ