رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییەک، هەڕەشە لە ئۆکراینا دەکات و دەڵێت: ''ئێران کردەوەکانی دژی خۆی بێ وەڵام ناهێڵێتەوە.''
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 27-07-2026، ئیبراهیم عەیزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بەو کەشتییە بازرگانییەی لە دەریای قەزوێن کرایە ئامانج، پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئۆکراینا کرد.
لە پەیامەکەی ئیبراهیم عەزیزیدا کە لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە هاتووە، "هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران هەمیشە باجی خۆی دەبێت و ئێران کردەوەکانی دژی خۆی بێ وەڵام ناهێڵێتەوە.''
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران ئاماژە بە جەنگی وڵاتەکەی لەگەل ئەمریکا و ئیسرائیلیش دەکات و دەڵێت: ''ئەمریکا و ئیسرائیل باش لەم بابەتە ئاگادارن. ئۆکرایناش ئەگەری هەیە بەم زووانە تێبگات کە چۆن کردەوەکانی ئەم وڵاتە دژی خۆمان وەڵام دەدەینەوە.''
ئیبراهیم عەزیزی وەک هەڕەشەیەک لە هاوپەیمانانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو: ''لیستی ئەوانەی لە لێکدانەوەکانیاندا هەڵەیان کردووە، هێشتا لە زیادبووندایە.''
رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئەوان لە دەریای قەزوێن کە لە ئەنجامدا دەریاوانێک کوژراوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکراینا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگیی رووسیا و چەند کەشتییەکی دیکەش کە بۆ گواستنەوەی باری سەربازیی پەیوەست بە ئێرانەوە لە دەریای قەزویندا بەکارهێندراون.



