رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران دەڵێ، لە 16ـی تەمموزەوە زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بە حەوت دەروازەی سنووریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووچۆیان کردووە کە 112 هەزاریان لە دەروازە خوسرەوی تێپەڕیون.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 27-07-2026، ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، سەرجەم ئاسانکارییەکان بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە دەروازە سنوورییەکان کراوە.
بەگوتەی ئەحمەدڕەزا رادان لە سەرەتای مانگی سەفەرەوە (16-07-2026) زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار زیارەتکار لە حەوت دەروازەی سنووریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕیون.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران دەڵێت، لەو ژمارەیە هاتووچۆی 112 هەزار زیارەتکار بە دەروازەی سنووریی خوسرەویدا بووە کە دەکەوێتە نێوان قەسری شیرینی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای دیالە لە عێراق.
ئەحمەدڕەزا رادان پێشنیاز دەکات زیارەتکاران لەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆ بکەن و دەشڵێت: ''سەرجەم ژێرخانەکان ئامادە کراون و لە دەروازەی سنووریی خوسرەوی ئاسانکارییەکی باش بۆ تێپەڕینی گەشتیارانی ئایینی هەیە.''
قسەکانی رادان لەکاتێکدان کە ئەحمەد کەرەمی، پارێزگای ئیلام دەڵێت، لەو دوو ملیۆن زیارەتکارەی تاوەکو ئێستا ناویان بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن تۆمار کردووە، 65٪ـیان دەروازەی سنووریی مێرانی سەر بە پارێزگاکەیان بۆ هاتووچۆ هەڵبژاردووە.
چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، ساڵانە لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت و جگە لە شیعەی عێراق، هاووڵاتییانی شیعەی وڵاتانی دیکەش تێیدا بەشدار دەبن.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان حەوت دەروازەی سنووری هەن؛ سێ دەروازەی حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان فەرمین و دەروازە سنوورییەکانی سەیرانبەن، کێلێ، شوشمێ و پشتە نیمچە فەرین.
هەروەها لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێنج دەروازەی سنووریش لەگەڵ عێراق هەن کە بریتین لە خوسرەوی (مونزریە)، سوومار (مەندەلی)، مێران (زرباتیە)، چەزابە (شەیب) و شەلەمچە.

.webp&w=3840&q=75)

