رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، جەمشید شارمەهد، بەندکراوی ئێرانی – ئەڵمانی لە سێدارە داوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2024، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لە سێدارەدانی جەمشید شارمەهد، جێبەجێ کراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، "جەمشید شارمەهد، دەستی هەبووە لە داڕشتنی چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی، لەوانە تەقاندنەوەی حوسێنییەی سەیدوشوهەدا" لە شیراز لە ساڵی 2008 کە بووە هۆی کوژرانی 14 کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە ساڵی 2020 جەمشید شارمەهدی، بە پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی حوسێنییەی سەیدوشوهەدا لە شیراز تۆمەتبار کرد.
بنەماڵەی شارمەهد، ئەم تۆمەتەیان بە "گاڵتەجاڕانە" وەسفکرد و رەتیانکردەوە.
میدیاکانی ئێران و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو کەسەیان وەک بەرپرسی "گرووپی تێندەر" ناساند، کە دەزگایەکی راگەیاندنە سەر بە ئەنجوومەنی پادشایی ئێرانە لە ئەمریکا.
جەمشید شارمەهد، تەمەن 67 ساڵ، هەڵگری ناسنامەی ئێرانی و ئەڵمانییە، مافی مانەوەی هەمیشەیی ئەمریکای هەبووە. پێشتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژیا، مانگی 7ی 2020 لە کاتی گەشتکردن لە ئەڵمانیاوە بۆ هیندستان، وەستانێکی سێ رۆژەی لە دوبەی دەبێت، دەگوترێت ئەو کاتەی لە دوبەی بووە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رفێندراوە. دوای دادگاییکردنی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ