رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێران دوای ئەوەی بە خێرایی کۆگە مووشەکییە ژێرخاک کەوتووەکانی هەڵداوەتەوە، ئێستا دەستکراوەیە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر زیاتر مووشەکی دوورهاوێژ ئاراستەی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات؛ "ئەمەش لاوازی ستراتیژیی بۆردوومانەکانی ئەمریکا دەردەخات".
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ چەندین هەفتە، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رێگرییان لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە بنکە مووشەکییە ژێرزەوینییەکانی کردبوو، دوای ئەوەی رێگە و دەروازەی توونێلەکانیان خاپوورکرن.
بەڵام ژمارەیەک وێنەی مانگی دەستکرد کە (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی دەستیکەوتووە، دەریانخستووە چۆن ئێران ئامێری سادەی وەک شۆفڵ و ئامێری دیکەی بەکارهێناوە بۆ لابردنی بەربەستەکان و دەستگەیشتنەوەی بە مووشەکەکانیان، بە تێچوویەکی کەم. بە گوتەی شارەزایان، توانای مووشەکیی تاران تەنیا بە بەئامانجگرتنی دەروازەی توونێلەکان لەناو ناچێت.
لە کاتێکدا ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز، بەڵام هێشتا چەندین مانگ کارکردن پێویستە بۆ یەکلاییکردنەوەی وردەکارییەکان.
"ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە ئێران توانای مووشەکهاوێشتنی دەبێ"
سام لێر، یاریدەدەری توێژینەوە لە سەنتەری (جەیمس مارتن، بۆ لێکۆڵینەوە لە بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی)، کە شرۆڤە بۆ توانا مووشەکییەکانی ئێران دەکات، دەڵێت: "ئەگەر شەڕ دەستپێبکەنەوە، ئێران لە دۆخێکدایە کە دەتوانێت بەردەوام بێت لە هاوێشتنی مووشەک تاوەکو ئەو کاتەی سەکۆ و تیمی پێویستی هەبێت، تەنانەت ئەگەر بەرهەمهێنانیش وەستابێت. هیچ شتێک نییە رێگری لە پڕچەککردنی سەکۆکان بکات بەو کۆگە گەورەیەی مووشەک کە ئێرانییەکان هێشتا هەیانە."
لە کاتی شەڕەکەدا، ئێران بە مەترسییەکی زۆرەوە کاری بۆ هەڵکەندنی دەروازەی توونێلەکان کرد، کە زۆرجار ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو ئامێرانەیان دەکردە ئامانج کە بۆ کردنەوەی بەکاردەهێندران.
ئەو کارە تارانى سەرخست بۆ ئەوەی لە ماوەی جەنگەکەدا بەردەوام بێت لە هاوێشتنی مووشەک، هەرچەندە بە رێژەیەکی زۆر کەمتر بوو.
لە دوای ئاگربەستەکەی پێش زیاتر لە حەوت هەفتە، هەوڵەکانی ئێران بۆ هەڵدانەوە و نۆژەنکردنەوەی بنکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر بوونە.
(سی ئێن ئێن) بۆی دەرکەوتووە، ئێران لە کۆی 69 دەروازەی توونێل کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە 18 بنکەی مووشەکیی ژێرزەوینیدا بۆردوومان کرابوون، 50 دەروازەی کردووەتەوە و پاکی کردوونەتەوە.
ئێران بەشەکانی دیکەی بنکەکانیشی نۆژەن کردووەتەوە، لەنێویاندا ئەو رێگایانەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردومانیان کردبوون بۆ ئەوەی رێگری لە بەکارهێنانی سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک بکەن.
مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن، نزیکەی هەموو ئەو چاڵانەی بەهۆی بۆردوومانەوە دروست ببوون پڕکراونەتەوە و لە دوو بنکەیشدا تەنانەت دووبارە قیرتاو کراونەتەوە.
سام لێر دەڵێت: "سوپای ئەمریکا لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تاکتیکیدا باشە، وەک داخستنی کاتیی هێزی مووشەکیی ئێران؛ بەڵام ئەگەر ئەمە لەگەڵ ستراتیژییەکی روون بۆ سەرکەوتن و ئامانجی عەقڵانیی جەنگ نەبێت، رەنگە لە کۆتاییدا ببێتە شکستێکی ستراتیژی."
سەبارەت بەم هەوڵە نوێیانەی ئێران بۆ پاککردەنەوەی دەروازی توونێلەکان، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن تەنیا لێدوانی پێشووی خۆی دووبارە کردەوە و گوتی: "سوپای ئەمریکا بەهێزترینە لە جیهاندا و هەموو توانایەکی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان لەو کات و شوێنەی کە سەرۆک بڕیاری لەسەر دەدات."
ئامانجی جەنگ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندینجار ئاماژەی بە کۆگەی مووشەکیی ئێران کردووە وەک هۆکارێک بۆ جەنگەکە، کە تێکدانی یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان.
ترەمپ لە پۆستێکی مانگی ئاداردا لە تۆڕی (ترووس سۆشیاڵ) "لاوازکردنی تەواوەتیی توانای مووشەکی، سەکۆکان و هەموو شتەکانی دیکەی پەیوەست بە ئێرانەوە" وەک یەکێک لە پێنج ئامانجەکەی جەنگەکە دیاری کردبوو.
تۆڕی بنکە مووشەکییە ژێرزەوینییەکانی ئێران، کە زیاتر لە 20 ساڵە دەستی بە دروستکردنیان کردووە، پارێزبەندییەکی زۆر بە مووشەک و سەکۆکانی هاوێشتنیان دەبەخشێت. قووڵایی ئەم دامەزراوانە، کە هەندێکیان لە ژێر سەتان مەتر تاشەبەرددان، تواناکانی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئەم بنکانە سنووردار دەکات.
بۆیە، لە هەفتەکانی سەرەتای ململانێکەدا، سوپای هەردوو وڵات (ئەمریکا و ئیسرائیل) روویان لە بۆردوومانکردنی دەروازەی بنکەکان کرد، ئەمەش لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و تێکدانی سەکۆکانی هاوێشتن، کە بوونە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی هاوێشتنی مووشەکەکانی ئێران.
ئەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە بنکەکان گەیاند، بەجۆرێک زۆربەی دەروازەی توونێلەکانیان خستە ژێر کێوێک لە پاشماوەی بۆردوومانەکان و رێگەکانی سەر بەو شوێنانەشیان تێکدان.
وێنە مانگە دەستکردەکان کە لەو کاتەدا لەلایەن (سی ئێن ئێن)ەوە پێداچوونەوەیان بۆ کرا، دەریانخست کە دامەزراوەکانی وەک بنکەی مووشەکیی ئەسفەهانی باکوور، کە شوێنێکی سەرەکیی ژێرزەمینییە، بەهۆی چەندین بۆردوومانەوە وێران بووە و پاشماوەی بۆردوومانەکان توونێلەکەیان داپۆشیوە و سەکۆکانی دەرەوەی بنکەکەش تێکشکێندراون.
ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵێکی بەرفراوانیشیان دا بۆ تێکدانی زنجیرەی دابینکردنی مووشەکیی ئێران، لەو کارگانەوە کە پارچە ئەلیکترۆنییە بچووکەکانی تێدا دروست دەکرێن، تاوەکو ئەو شوێنانەی کە سووتەمەنی رۆکێت و لاشەی مووشەکەکانی تێدا دروست دەکرێن.
دوای ئەوەی ئەمریکا و ئێران لە 8ی نیساندا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتن، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەو هەوڵانە کرد و رایگەیاند، ئێران "سەرقاڵی دەرهێنانی سەکۆکان و مووشەکەکانیەتی لە ژێر خاک، بەبێ ئەوەی توانای گۆڕینیان هەبێت. ئێوە هیچ پیشەسازییەکی بەرگریتان نەماوە."
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، هێشتا ئێران نزیکەی 1000 مووشەکی لەو بنکە ژێرزەوینییانەدا پاراستووە.
شارەزایان پێیانوانیە ئەو کۆگەیانە کە لە قووڵایی زەویدان زیانێکی زۆریان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی پێگەیشتبێت، بەتایبەتی کاتێک دەبینرێت سوپای ئیسرائیل بە هەمان شێواز لە جەنگی دوازدە رۆژەی ساڵی رابردوودا هێرشی کردووەتە سەر دەروازەی توونێلەکان.
تیمور کادیشێڤ، توێژەری باڵا لە (پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ئاشتی و سیاسەتی ئاسایش لە زانکۆی هامبۆرگ) کە لێکۆڵینەوە لەسەر مووشەکەکانی ئێران دەکات، دەڵێت: "ئەوان بۆ ماوەی 20 ساڵ خۆیان بۆ جەنگێکی لەم شێوەیە ئامادە دەکرد. ئەوان زۆر ئامادەن."
هەڵمەتێکی خێرای نۆژەنکردنەوە
بۆ دووبارە کردنەوەی بنکەکان، ئێران ئامێری جۆراوجۆری بیناسازی و خۆڵدەرهێنانی بەکارهێناوە. لە وێنە مانگە دەستکردەکاندا، شۆفڵەکان دەبینرێن کە پاشماوەکان لادەبەن و بارهەڵگرەکانیش چاڵەکان بە خۆڵ پڕ دەکەنەوە.
لە یەکێک لە بنکەکانی دەرەوەی ئەسفەهان، ئەمریکا و ئیسرائیل لە کاتی شەڕەکەدا چەندین هێرشیان بۆ داخستنی چوار دەروازەی توونێلەکە ئەنجامدا. لانیکەم 18 چاڵی گەورە لە دوو دەروازەدا دەبینران، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە چەند تەقەمەنییەکی زۆر بۆ داخستنی توونێلەکان بەکارهێنراوە.
لە سەرەتای مانگی ئایاردا، وێنەیەکی مانگی دەستکرد، بارهەڵگرێکی نیشاندا کە بۆ پڕکردنەوەی چاڵەکان بەکارهێنراوە. دوو دەروازەکەی دیکەش کە بەهۆی چاڵ و پاشماوەکانەوە داخرابوون، پێشتر کرابوونەوە و ئەو رێگەیانەش کە بەهۆی بۆردوومانەوە وێران ببوون، قیرتاو کرابوونەوە.
لە بنکەیەکی دەرەوەی شاری خومەین لە ناوەڕاستی مانگی نیسان دا، وێنەیەک لانیکەم 10 ئامێری بیناسازی نیشاندا کە خەریکی کارکردن بوون بۆ دووبارە کردنەوەی یەکێک لە دەروازەکان.
هێرشەکان بۆ سەر کارگەکانی مووشەکی ئێران رەنگە رێگری لە تاران نەکەن لە دووبارە بونیادنانەوەی توانای بەرهەمهێنانی مووشەک بۆ ئەو ماوەیەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت.
لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەدا، هەندێک لەو کارگانە هێرشیان کرایە سەر. سەرەڕای ئەوەی هێرشەکانی ئەم دواییە زۆر بەرفراوانتر بوون، وێنە مانگە دەستکردەکان دەریانخست کە ئێران پێشتر هەندێک لەو دامەزراوانەی نۆژەن کردووەتەوە کە لە حوزەیرانی رابردوودا کرابوونە ئامانج.
هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران پێشتر دەستی بە بونیادنانەوەی توانا سەربازییە سەرەکییەکانی کردووەتەوە، لەنێویاندا دەستپێکردنەوەی بەره.
