دوازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران دەستپێدەکات

26-05-2024
چیا مەلاک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سبەی دوازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران دەستپێدەکات و پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن و دەستبەکار دەبن.
 
رۆژی دووشەممە 27-05-2024 یەکەم دانیشتنی خولی دوازدەیەمی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت و بەپێی پەیڕەوی نێوخۆ، دوو لە بەتەمەنترین ئەندامانی پەرلەمان سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە دەکەن.
 
بەپێی نەریتی پەرلەمانی ئێران، سەرۆککۆمار ئامادەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەبێت؛ چاوەڕوان دەکرێت محەممەد موخبەر، سەرۆککۆماری ئێران بە وەکالەت بەشداری لە دانیشتنی کردنەوەی پەرلەمان بکات و گوتارێک پێشکێش بکات.
 
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران لە 01-03-2024 بەڕێوەچوو و تێیدا نەریتخوازان زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانیان بردەوە. بەشێکی زۆری ریفۆرمخوازان شیاوبوونیان بۆ بەربژێربوون پەسند نەکرا.
 
پەرلەمانی ئێران 290 کورسیی هەیە، کە 285 کورسی بە دەنگدانی گشتی و بەپێی بازنەکانی هەڵبژاردن دیاری دەکرێن و پێنج کورسیش تایبەتن بە پێکهاتە ئاینییەکان.
 
ئەم خولەی پەرلەمانی ئێران بەم شێوەیە لەنێوان لایەن و رەوتە سیاسییەکان دابەشبووە: نەریتخوازانی نزیک لە حکومەت 98 کورسی؛ نەریتخوازانی نزیک لە محەممەد باقر قالیبافی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان 74 پەرلەمانتار؛ ریفۆرمخواز و میانڕۆکان 63 کورسی؛ سەربەخۆکان 36 کورسی؛ هەروەها پێکهاتە ئاینی و مەزهەبییەکانیش 19 کورسی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە