رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێ، 39 کەسیان لە تاران دەستگیر کردووە هەوڵی کاری تێکدەرانەیان بە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل داوە.
رۆژی چوارشەممە، 25-03-2026، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە تاران، 39 کەسیان دەستگیر کردووە هەوڵیان داوە بە هاوکاریی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران چالاکیی ''تێکدەرانە'' بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 27 کەس لە دەستگیرکراوەکان ئەندامی دوو گرووپ بوون ویستوویانە دژی حکومەت، شانەیەکی ئۆپەراسیۆن لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دروست بکەن.
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر 49 بۆمبی دەستکرد، 2 چەکی کڵاشینکۆف، 16 دەمانچە، 50 مەخزەنی فیشەک، زیاتر لە 1500 فیشەک و 7 ئامێری ئینتەرنێتی ستارلینکدا گیراوە.
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، دوو کەسی دیکەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵیان داوە دۆخی دەروونیی کۆمەڵگە تێکبدەن، هەروەها 10 کەسی دیکەشیان بە تۆمەتی ئاشکراکردنی شوێنی جێگریبوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ میدیاکانی دژبەری ئێران، دەستگیر کردووە.



