رووداو دیجیتاڵ
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کۆتاییهاتنی شەڕ و پاراستنی سەروەریی خاکی لوبنان، خاڵی یەکەمی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئابادە کە لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لە پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەبی بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند: "ئامانجی ئێمە کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە لوبنان، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و کشانەوەی ئیسرائیلە لە خاکی لوبنان."
قالیباف دەشڵێت، ئێران بە جیدی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتانە و جێبەجێکردنیان دەکات.
لەبارەی دانوستاندنی سویسرا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی، دوای ئەوەی شاندی دانوستاندنکاری ئێران سەرنجی جیدییان خستە سەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، بڕیاردرا "لیژنەی کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان لە نێوان ئێران، ئەمریکا و لوبناندا پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی چاودێریی پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەم خاڵە (خاڵی یەکەمی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران-واشنتن) بکات."
نەبی بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنانیش، بەهۆی پێداگرییەکانی بۆ چەسپاندنی ئاگربەست لەو وڵاتە سوپاسی هەڵوێستەکانی ئێران و شاندی دانوستاندنکاری ئێرانی کرد و رایگەیاند، ئەوەی ئێوە لە سویسرا بەدواداچوونتان بۆ کردووە لە بەرژەوەندی گەلی لوبناندایە، بەڵام ئیسرائیلی دووژمن هەوڵدەدات بابەتی گەڕاندنەوەی سەرروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد بە رێگەیەکی دیکەدا ببات و پێشێلی بکات.
بەپێی ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، هەردوولا جەختیان لەسەر سازدانی خێراترین کۆبوونەوەی (لیژنەی کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان) کردەوە، بۆ کۆنترۆڵکردن و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان.



