رووداو دیجیتاڵ
میدیایی فەرمی ئێران رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و دووبەی دەستپێدەکەنەوە؛ ئەمەش تەنیا چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت ئێران بە مووشەک و درۆن چەند شوێنیکی لە نێو خاکی ئیمارات بە ئامانج گرتبوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-06-2026، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، لە زاری رامین کاشف ئازەر، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران، بڵاویانکردەوە: "هەموو ئامادەکارییە پێویستەکان کراون بۆ دووبارە کردنەوەی هێڵی ئاسمانیی تاران-دووبەی لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی."
ئێستا لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی سپێهرانی ئێرانی، تێکت بۆ گەشتی کاژێر 10:40ی بەیانیی رۆژی دووشەممە بەرەو دووبەی بەردەستە.
لە ماوەی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، فڕۆکەخانەی دووبەی چەندینجار بە درۆن کرایە ئامانج، ئەوەش وایکرد لە چەندین کاتی جیاوازدا گەشتە ئاسمانییەکان رابگیرێن.
ئێران وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەی کەنداو ئەنجامدا، بەڵام تاران جەختی دەکردەوە کە تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج، نەک ژێرخانی سڤیل.
پێش هەڵگیرسانی جەنگ، فڕۆکەخانەی دووبەی قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەی جیهان بوو بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لە ماوەی ململانێکاندا ژمارەی گەشتیاران 66% کەمیکرد.
سەرەڕای پێکدادانە پچڕپچڕەکان، لە مانگی نیسانی رابردووەوە ئاگربەست لە ناوچەکەدا راگەیێندراوە.
ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ناوەڕاستی ئەو مۆڵەتە 60 رۆژییەدان کە بۆ دانوستاندن و گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی ئاشتی دیاریکراوە.
.jpg&w=3840&q=75)


