ئێران: هێرشمان نەکردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا

25-12-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەتیکردەوە لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراقەوە گلابێت، وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکردبوو.
 
وەزارەتەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دەڵێ: "واشنتن هەموو بەرپرسیاریەتییەکی، هەر کارێکی نادانایانەی دەکەوێتە ئەستۆ کە لە قۆناخی داهاتوودا، بیکات".
 
ئەوەشی گووتووە، تۆمەتبارکردنەکانی ئەمریکا بۆ تاران، کارێکی دووبارەیە و هیچ بنەمایەکی نییە، کۆشکی سپی بە "هەڵبەستنی درۆ" تۆمەتبارکرد.
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، هێرشیکردە سەر سەرۆکی ئەمریکا. زەریف لە تویتێکدا نووسی، رووبەڕووبوونەوەی هاووڵاتییانی ئەمریکی بە هەر مەترسییەک لە دەرەوەی وڵاتەکەیان، سەرنجی خەڵک لەسەر شکستە کارەساتاوییەکانی ترەمپ، دوورناخاتەوە.
 
زەریف، وێنەی تویتێکی پێشووی ترەمپی بڵاوکردووەتەوە، کە هۆشداری دەدات لە هەوڵەکانی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەهەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێران، لە کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتی یەکەمی، لەپێناو سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەیدا، لە کاتەکانی نزیک لە کۆتاییهاتنی ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتیی ئۆباما.
 
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەپاش هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق گوتی: "باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەغدا ئێوارەی یەکشەممەی رابردوو رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەوە کە سەرچاوەکەی ئێرانە". بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەی رەتکردەوە و گوتی، ئەوە تۆمەتبارکردنی دووبارەی ئەمریکایە بۆ تاران و هیچ بنەمایەکی نییە.
 
ترەمپ کە لە تویتێکدا وێنەی سێ مووشەکی بڵاوکردەوە و نووسی: "ئێران بەرپرسیاریەتی کوژرانی هەر ئەمریکییەکی دەکەوێتە سەرشان و پێویستە باش بیر بکاتەوە".
 
سەرچاوە ئەمریکییەکان باس لەوەدەکەن، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا، چەندین بژارەی تاوتوێکردووە، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران و بریکارەکانی، بۆ هێرشکردنە سەر سەربازان و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە عێراق.
 
کینیس ماکینزی، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بەدوورزانی و گوتی: ئێرانیش نایەوێ ئەو جەنگە لەگەڵ ئەمریکادا بەرپا بکات.
 
ئێوارەی 20ی ئەم مانگە، لەرێگەی هەشت مووشەکەوە، هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ناوچەی سەوز، سوپای عێراق گوتی 'گرووپی لەیاسا دەرچوو' هێرشەکەیان کردووە، لەکاتێکدا بەرپرسێکی ئەمریکا گوتی، وێڕای بریندارنەبوونی هیچ کەس لە هێرشەکەدا، بەڵام 21 مووشەک ئاراستەی ناوچەکە کراون و هەندێکیان بەر باڵەخانەکان کەوتوون.
 
میدیای ئەمریکی دەڵێن کۆشکی سپی بیر لە چەند بژارەیەک دەکاتەوە، لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەکەیدا لە بەغدا، یەکێک لەوان داخستنی باڵیۆزخانەیەکەیە.
 
لەدوا رۆژەکانی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، هەڵچوونەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پەرەسەندنی خێرا بەخۆوە دەبینێت، هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان هەردوو وڵات دەدرێت. 
 
حەسەن رووحانی، سەرۆکی ئێران، گوتی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەنجامی هاوپەیمانیی نێوان دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، ئیسرائیل و تووندڕەوەکانی ئەمریکا بووە.
 
سەرۆکی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی حکومەتی ئێراندا گوتی، وڵاتەکەی شکستیهێناوە بە جەنگی ئابووریی گشتگیر کە ترەمپ بەسەریدا سەپاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە