رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە لەئەگەری رێگریکردن لەفڕۆکەکانی وڵاتەکەی و دەڵێت، ئەگەر کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی نەتوانن گەشتی ئاسمانی بکەن، هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکەش ئەو دەرفەتەی نابێت.
محەممەد موخبیر، راوێژکاری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: "هاودەنگی لەگەڵ ئەمریکا لەجێبەجێکردنی سیاسەتە دوژمنکارییەکان دا لەبیرەوەریی گەلی ئێران دا دەمێنێتەوە. ستراتیژیی ئێمە لەمبارەیەوە روونە: فڕین لەناوچەکە دا یان بۆ هەمووان ئازاد دەبێت یان بۆ هیچ کەسێک نابێت."
محەممەد موخبیر دەڵێت: "ئەگەر ئێران دەرفەتی فڕین و وەرگرتنی خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەکانی نەبێت، هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکەش ئەو دەرفەتەی نابێت."
رۆژی چوارشەممەش موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەڕەشەی هاوشێوەی کرد و بەوڵاتانی ناوچەکەی گوت: "ئەگەر وڵاتانی دراوسێ گەشتە ئاسمانییەکانمان قەدەخە بکەن و هاوکاریی ئەمریکا بکەن، فڕۆکەخانەکانتان گەشتیان تێی دا ئەنجام نادرێت. ئەگەر لەپاڵ ئەمریکا بووەستن، ئێمە تەنیا تەماشاکار نابین."
رۆژی 20ـی ئەیلوول سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لەجیهان دا دادەخرێن. بڕیارەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و گەشتە ئاسمانییەکانی زۆر وڵات بۆ ئێران راگیراون.

.jpg&w=3840&q=75)
