رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی دەتوانێت تەنیا لە 7 رۆژ دا تەنگەی هورمز بەتەواوی بەڕووی کەشتیوانی دا بکاتەوە و ئاسایشی دەریاوانی مسۆگەر بکات، بەمەرجێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگوشار و هەڕەشە دووربکەوێتەوە و پلانە پێشنیازکراوەکەی تاران قبووڵ بکات.
رۆژی هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لەبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەنیویۆرک، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەو مۆڵەتی 7 رۆژە بۆ کردنەوەی تەنگەکە، راستەوخۆ لەو ساتەوە دەستپێدەکات کە ئەمریکا ئەو پلانەی تاران قبووڵ بکات و گوتی: "ئەگەر مەرجەکان فەراهەم بن، دەکرێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە و ئاسایشی کەشتیوانی دەستەبەر بکرێت. ئێستا تۆپەکە لەگۆڕەپانی ئەمریکایە و هەڵوێستی ئێمەش لەبارەی پێشهاتەکان و بەتایبەتی لەتەنگەی هورمز و دەوروبەری تەواو روونە."
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، ئێران پابەندە بەئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی ئاسایشی دەریایی لەتەنگەی هورمز، بەڵام جەختی کردەوە کە گەڕاندنەوەی ئاسایش لەرێگەی رێکاری سەربازییەوە ناکرێت. گوتیشی: "ئێمە بەپێی لێکتێگەیشتنەکە پابەندی رێوشوێنەکانی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان بووین لەتەنگەی هورمز، بەڵام واشنتن پێشێلی کرد. نائارامیی ئێستای تەنگەکە و پەککەوتنی هاتووچۆی کەشتیوانی، ئەنجامی راستەوخۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە."
لە 28ـی شوباتی 2026 و دوای هێرشەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، تەنگەی هورمز بەکردەیی داخرا و هاتووچۆی کەشتییەکان 70٪ بۆ 95٪ دابەزیوە. ئەم تەنگەیە شادەماری وزەی جیهانە و نزیکەی 20٪ـی نەوت و گازی پێدا تێدەپەڕێت؛ هەروەها تاکە دەروازەی ئاویی سەرەکییە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق، سعودیە، کوێت، قەتەر و ئیمارات. بەهۆی داخرانی ئەم رێڕەوە ستراتیژییە جیهانییە، نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان لە 60 دۆلارەوە بۆ 100 دۆلار بەرزبووەتەوە.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەهێرشە لەناکاوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەکۆتایی شوباتی رابردوو دا دەستی پێکرد، چەندین مانگە گەیشتوونەتە بنبەست. رێککەوتنەکەی ئیسلامئاباد کە لەمانگی حوزەیران واژۆ کرا، ئامانجی ئەوە بوو زەوینە بۆ ئاشتییەکی گشتگیر خۆش بکات، بەڵام زۆر بەخێرایی هەڵوەشایەوە، دوای ئەوەی تاران و واشنتن یەکدییان تۆمەتبار کرد بەپێشێلکردنی بەندەکانی رێککەوتنەکە.
تۆمەتبارکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل بەئەنجامدانی تاوانی جەنگ
وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکای بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی بەپێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبرد و گوتی، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی سڤیل لەو هێرشانە دا کوژراون و گوتیشی: "ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن ئەو تاوانانە بسڕنەوە کە بەرامبەر گەلی ئێران ئەنجامیان داون."
عێراقچی رەخنەی توندی لەدۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، ئەوان لەسەر سەکۆی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵیان دا راستییەکان بشێوێنن و وێنەی قوربانی و دەستدرێژیکار پێچەوانە بکەنەوە؛ گوتیشی: "ئەمریکا سزای ئابووری وەک ئامرازێک بۆ سزای بەکۆمەڵ و گوشاری سیاسی بەکاردەهێنێت؛ ئەوەی واشنتن دەیکات دیپلۆماسی نییە، بەڵکو زۆرەملێ و جەنگێکی ئابوورییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد کە پابەندبوونی تاران بەدیپلۆماسی لەدانوستاندنەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی دا سەلمێنراوە و گوتی لەدوو ساڵی رابردوویش دا سەرەڕای کردە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام بوون لەهەوڵی دیپلۆماسی، بەڵام ئەمریکا رێگەیەکی پێچەوانەی هەڵبژارد کە بریتی بوو لەهەڕەشە، دەستدرێژی و جەنگی ئابووری.

