رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ئێران، لەسەر پشتگریکردنی خۆپێشاندانەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، سزای لەسێدارەدان بەسەر راپەرێکی ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت.
رۆژی چوارشەممە (24-04-2024) دادگەیەکی شاری ئیسفەهان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تووماج ساڵحی، راپەری ئێرانی دەرکرد. تووماج لە تشرینی یەکەمی 2022، پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەربڕی و ئەو کات دەستگیرکرا.
دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک لە دەستبەسەری، دادگە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.
ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری تووماج گوتی "لقی یەکەمی دادگەی شۆڕشی ئیسفەهان بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی، بڵاوکردنەوەی دووبەرەکی، داواکردنی خۆپێشاندان و ئاژاوەگێڕی"، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ساڵحیدا سەپاندووە.
پارێزەرەکە رایگەیاند، ئەوان تانە لە بڕیارەکە دەدەن و گوتی "دادگەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، سەربەخۆیانە بڕیاریداوە و بڕیاری دادگەی باڵای جێبەجێ نەکردووە."
بە گوتەی رەئیسیان، دادگەی باڵا وەک دەسەڵاتی تێهەڵچوونەوە پێداچوونەوەی بە دۆسیەکەدا کرد و بڕیارێکی دەرکرد کە کەموکوڕییەکانی نێو دۆسیەکە لاببرێت. بۆیە دەڵێت "ئەو بڕیارەی دادگەی ئیسفەهان کێشەی یاسایی هەیە و لەگەڵ بڕیاری دادگەی باڵا دژیەکە."
راپەرەکە لە 18ـی تشرینی دووەمی 2023 بە کەفالەت ئازادکرا، دوای دوو هەفتە دەستگیر کرایەوە.
مەهدی یەراحی، گۆرانیبێژ و میوزیکژەنێکی دیکەی ئێرانییە. لەسەر پشتگیریکردنی خۆپێشاندانەکان و رەخنەگرتن لە باڵاپۆشیی زۆرەملێ لە ئێران، سزای دوو ساڵ و هەشت مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵیش، شروین حاجی پوور، گۆرانیبێژی ئێرانی بەهۆی گۆرانیگوتن و "پاڵپشتیکردن لە خۆپێشاندانەکان" سزای بەندکردنی درا.
رۆژی هەینی، 1ـی ئاداری 2024، شروین حاجی پوور لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەیەکی بڕیاری سزاکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەلایەن دادگەی شۆڕشی تارانەوە سزادراوە.
بەپێی بڕیارەکە، ئەو گۆرانێبێژە ئێرانییە بە تۆمەتی "پروپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای هەشت مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بەلاڕێدابردن و هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات"، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
شروین حاجی پوور لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەدوای مردنی "گوماناوی"ـی ژینا ئەمینی، گۆرانیی "بەرایێ" بۆ پشتگیری لە خۆپێشاندەران بڵاوکردەوە، کە تێکستی گۆرانییەکەی لە توویتەکانی خەڵکی ناڕازیی ئێران وەرگرتبوو.
ژینا ئەمینی کچێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی سەقزی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2022 لە وێستگەیەکی میترۆی تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەر کرا و دواتر باری تەندروستیی تێکدەچێت.
سێ رۆژ پاش دەستبەسەرکردنی؛ ژینا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، مردنەکەی شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا. تاران بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی، سەتان خۆپێشاندەری دەستگیرکرد.
لەو ناڕەزایێتییانەی کە چەند مانگێک بەردەوام بوون، زیاتر لە 500 کەس لە خۆپێشاندەران و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران و زیاتر لە 22 هەزار کەسیش دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ