رووداو دیجیتاڵ دۆکیۆمێنتارییەکی نوێ بە ناوی Musk، لە دەرهێنانی ئەلێکس گیبنی، ژیان و کار و کاریگەرییەکانی ئێلۆن مەسک، بازرگانی ناسراوی بواری تەکنەلۆژیا، دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە. بەڵگەفیلمەکە کە نزیکەی چوار کاژێرە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس لە ئەیلوولی 2026 نمایش کراوە و بڕیارە لە 16ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە سینەماکانی ئەمریکا نمایش بکرێت. پێش نمایشەکەی لە ڤێنیس، ترەیلەرێکی نوێی فیلمەکە بڵاوکرایەوە، کە تێیدا دەنگی چەند کەسایەتی و میدیاکان دەبیسترێت، کە بەشێوەی جۆراوجۆر ئێلۆن مەسک وەسف دەکەن. لە کۆتایی ترەیلەرەکەدا، مەسک بە "بێکۆنترۆڵترین مرۆڤی زەوی" وەسف دەکرێت و دەنگێک دەڵێت: "پیاوێکە کە مێشکی لەدەست داوە." مەسک خۆی بەشداری لە بەرهەمهێنانی دۆکیۆمێنتارییەکەدا نەکردووە. لە ساڵی 2023دا، دوای راگەیاندنی پرۆژەکە، لە پۆستێک لە تۆڕی X فیلمەکەی بە "hit piece" ناوبرد، کە بە مانای پرۆژەیەکی دژ بە من دێت. ئەلێکس گیبنیش لە وەڵامدا نووسی: "چۆن دەتوانیت بزانیت؟" بەپێی زانیاریی فەرمیی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس، "Musk" ماوەی 225 خولەکە. فیلمەکە لە بەشی "Venice Open – Out of Competition" نمایش کراوە. بەپێی وەسفی فەرمیی فێستیڤاڵ، فیلمەکە لێکۆڵینەوەیەکی وردە لە پشت پەردەی ناوبانگی ئێلۆن مەسک، کە بە داهێنەر و بازرگانێکی کاریگەر ناسراوە و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر جیهانی ئەمڕۆ هەیە. دۆکیۆمێنتارییەکە لەسەر چەند بەشی ژیانی مەسک و کۆمپانیاکانی، لەوانە Tesla، SpaceX و تۆڕی X و هەروەها کاریگەرییەکەی لە بواری تەکنەلۆژیا و سیاسەت لێکۆڵینەوە دەکات. لە فیلمەکەدا کەسایەتییەکانی وەک جەستین مەسک، یەکەم هاوسەری پێشووی ئێلۆن مەسک، کارا سویشەر، ئەشلی سێن کلێر، مارتین ئێبەرهارد، زۆئی شیفەر و جێفری هینتۆن دەردەکەون. ئێلۆن مەسک لە ساڵانی رابردوودا بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان و خاوەنی چەندین کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆژیایە. لە حوزەیرانی 2026دا، سامانەکەی مەسک بەپێی هەژمارکردنی Forbes گەیشتە نزیکەی 1.1 تریلیۆن دۆلار و بە یەکەم تریلیۆنەری جیهان ناسێنرا. دۆکیۆمێنتاریی "Musk" لەلایەن کۆمپانیای Bleecker Streetـەوە لە 16ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە سینەماکانی ئەمریکا نمایش دەکرێت.