رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێران رایگەیاند، "سنووردارکردنی هەندێک پلاتفۆرمی بیانی کە بە شێوەیەکی فراوان بەکاردەهێنرێن، لابرا".
رۆژی سێشەممە، 24 کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێت لە ئێران رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێت، دوای گفتوگۆ و بەدواداچوون، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بە کۆی دەنگ بڕیاریاندا بە لابردنی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەندێک پلاتفۆرمی بیانی کە بە شێوەیەکی فراوان بەکاردەهێندرێن، لەوانە وەتسئەپ و گووگڵ پلەی".
زیاتر لە دوو ساڵە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت لە ئێران سنووردار دەکرێن و هاونیشتمانی و هاووڵاتییان دەبێ بۆ بەکارهێنانیان فیلتەرشکێن بکڕن.
بە گوتەی سەتار هاشمی، وەزیری گەیاندن و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران، کۆچی چینێکی دیاریکراو و دروستکردنی ئاڵنگاری بۆ بازرگانیی دیجیتاڵی لە ئەنجامە نەرێنییەکانی سنووردارکردنی ئینتەرنێت بوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، زیانی ئابووریی سنووردارکردنی ئینتەرنێت لەو وڵاتە زیاتر لە 50 تریلیۆن تمەن بووە (زیاتر لە 735 ملیۆن دۆلار).
بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئێران، 85٪ـی خەڵکی ئەو وڵاتە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و 85٪ی بەکارهێنەران، کەڵک لە فیلتەرشکێن وەردەگرن. بەو پێیە، زیاتر لە 61 ملیۆن کەس بە بەردەوامی فیلتەرشکێن بەکاردەهێنن. ئەگەر هەر کامێکیان مانگانە لانیکەم 200 هەزار تمەن لە فیلتەرشکێن خەرج بکات، کۆی داهاتی فیلتەرشکێن فرۆشەکان لە مانگێکدا 12 تریلیۆن و 240 ملیار تمەن یان زیاتر لە 176 ملیۆن دۆلار دەبێت.
حکومەتی ئێران بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022، ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سنووردار کرد، بەڵام خەڵک نەچوونە ژێرباری سەپاندنی بڕیارەکە و کێشەکانی کەڵکوەرگرتن لە فیلتەرشکێنیان پێ باشتر بووە لەوەی ئەپلیکەیشن و تۆڕە نێوخۆییەکانی ئێران بەکاربهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ