رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاووڵاتیی عێراقی کە بۆ سەردانی مەزاری ئیمام رەزا سەردانی ئێرانیان کردووە، لەو وڵاتە رفێندراون. لە دیمەنێکی ڤیدیۆیی دا دەردەکەون بە زنجیر بەستراونەتەوە و ئەشکەنجە دەدرێن و رفێنەرەکانیش لە بەرامبەر ئازادکردنیان داوای پارە دەکەن. وەزارەتی دەرەوەی عیراق بە رووداوی گوت، "لەگەڵ لایەنە پەیوەندارە ئەمنییەکانی ئێران بە گرنگیی زۆرەوە بەدواداچوونیان بۆ کردووە".
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق رۆژی چوارشەممە، 23-08-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە دواداچوونی بۆ ئەو دیمە ڤیدیۆییە و ژمارەیەک وێنە کردووە کە تێیدا ژمارەیەک هاووڵاتیی عێراقی لە ناوچەیەک دەردەکەون کە پێی دەگوترێت ئورومیە، لەلایەن گروپێکەوە رفێنراون و لە بەرامبەر ئازادکردنیان داوای پارە دەکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەڵێت، وەزارەتەکەیان "بە گرنگییەوە بە دواداچوون دەکات، دوو هەفتە لەمەوبەر زانیاریمان بەدەستگەیشتووە، هاوئاهەنگی باڵامان هەیە لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی، باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدواداچوون دەکات لەگەڵ لایەنە پەیوەندارە ئەمنیەکانی تاران. هاوئاهەنگیش لەگەڵ هەموو لایەک دەکەن بۆ سەلامەتیی گیانیان و ئازادکردنیان. تائێستاش لایەنە ئەمنییەکان بە وردی کاردەکەن بۆ ئازادکردنیان".
دیمەنێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، تێیدا ژمارەیەک کەس لەنێو ئەشکەوتێک دەردەکەون، بە زنجیر بەستراونەتەوە و ئەشکەنجە دەدرێن و لە دۆخێکی خراپدان.
جەواد کازم موسا، برای موسا کازم، رۆژی چوارشەممە، 23-08-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "براکەم رۆژی 13ـی مانگی ئاب بۆ سەردانی ئیمام رەزا چووەتە ئێران. رۆژی 15ـی ئەم مانگە یەکێک لە ئێرانەوە لە رێگەی وەتسئاپەوە پەیوەندی پێوەکردین داوای 7 هەزار دۆلاری دەکرد لە بەرامبەر ئازادکردنی براکەم".
جەواد کازم دەڵێت، "ژمارەی رفێنراوە عێراقییەکان رەنگە 20 کەس بن، لەنێویاندا براکەمی تێدایە، بەپێی زانیارییەکان ئەمانە لە ئەشکەوتێکی باکووری ئیرانن لە نزیک سنووری تورکیا".
جەواد کازم ئاماژەی بەوەکرد، "دوای پەیوەندییەکە، بەپەلە 7 هەزار دۆلاریان کۆکردووتەوە بۆ ئەو کەسە ئێرانییە و 500 دۆلاریشیان داوە بۆ حەواڵەکردن، پەیوەندییان بە هەمان ژمارەی کەسە ئێرانییەکە کردووە کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت و پێی راگەیاندوون کە براکەی دەستی بەستراوەتەوە و بە تاکسییەک رەوانەی دەکەنەوە، بەڵام کاژێر چواری ئێوارەی هەمان رۆژ، ژمارەکەی بلۆک کردوون و تائێستا هیچ هەواڵێکیان نییە".
جەواد دەڵێت، سکاڵا لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە بەسرە تۆمار دەکەن، ئێوارەی ئەمڕۆ کەسوکاری رفێنراون گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی دەکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێنراوەکانیان.
ساڵانە سەتان هەزار عێراقی سەردانی ئێران دەکەن، بەشێکی زۆریان دەچنە شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خۆراسان کە مەزارگەی ئیمام رەزای لێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ