رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران دیاریکرا

20-05-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رۆژی 28ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار. بەڵام دەبێت رۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند بکرێت.  
 
دووشەممە، 20ی ئایاری 2024، موحسین سەلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند: "ئەمڕۆ رەشنووسی خشتەی  هەڵبژاردنی 14ەمین خولی سەرۆکایەتی کۆمار بەپێی مادەی 131ی دەستوور، لە بارەگای دەستەی هەڵبژاردنەکانی وڵات تاوتوێکرا و بڕیاری کۆتایی لەسەر درا."
 
موحسین سەلامی گوتی، بەپێی ئەو خشتە و بەرنامەیەی لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەوە پەسند کراوە، پێشنیازیان کردووە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەبچێت.
 
کۆپییەکی خشتەکە بۆ ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران نێردراوە و ئەوان ئێستا چاوەرێی وەڵامی ئەنجوومەنەکەن. موحسین سەلامی گوتی: "بە پەسەدکردنی لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە، لە رێگەی کومیتەی راگەیاندنی دەستەی هەڵبژاردنی وڵات، گەلی بەشەرەفی ئێران ئاگادار دەکرێتەوە."
 
گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران هەروەها دەڵێت، لە خشتەکەدا رۆژی 28ی حوزەیرانی 2024 وەک رۆژی بەڕێوەچوونی 14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران کراوەتە بنەما و بۆ ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پێشنیاز کراوە، بەم پێیەش 28ی ئایار دەرگە بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێران دەکرێتەوە.
 
موحسین سەلامی رەتیکردەوە تائێستا بە فەرمی لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەوە هیچ خشتەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ رای گشتی و راگەیاندن بڵاوکرابێتەوە و گوتی: "ئەو زانیارییانەی لە هەندێک میدیا و سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، ناڕاستن و هەموو لایەک دەبێ چاوەرێی وەڵامی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و راگەیێندراوی فەرمیی دەستەی هەڵبژاردن وڵات بن."
 
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 19-05-2024 دوای تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان لەکاتی گەڕانەوەیان لەسەر سنووری ئازەربایجانەوە بۆ شاری تەورێزی ناوەندیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرەکانی گیانیان لەدەستدا.
 
لەگەڵ رەئیسی، هەریەکە لە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی تەورێز؛ مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز؛ سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار، فڕۆکەوانەکە و دوو یاریدەدەری لە هێلیکۆپتەرەکەدا بوون و گیانیان لەدەستدا.
 
مادەی 131ی دەستووری ئێران
 
لە کاتی مردن، دەرکردن، دەستلەکارکێشانەوە، ئامادەنەبوون یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ یان لە حاڵەتێکدا کە ماوەی سەرۆکایەتی کۆمار کۆتاییهاتبێت و سەرۆککۆماری نوێ هەڵنەبژێردرابێت، بەهۆی ئاستەنگی یان بابەتی دیکەی لەو جۆرە، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار بە رەزامەندیی رێبەر، دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی سەرۆککۆمار دەگرێتە ئەستۆ.
 
هەروەها ئەنجوومەنێک پێکدێت لە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار کە ئەرکی ئەوە دەبێت، دۆخێک بهێنێتە ئاراوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەک کە لە پەنجا رۆژ زیاتر نەبێت، سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵبژێردرێت.
 
هەر بەپێی ئەم مادەیەی دەستووری ئێران، لە حاڵەتی گیانلەدەستدانی جێگری یەکەم یان بابەتی دیکە کە رێگری بکات لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، یان ئەگەر سەرۆککۆمار جێگری یەکەمی نەبێت، ئەوا لەلایەن رێبەرەوە کەسێکی دیکە لە شوێنی دادەنرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە