ئێران هاووڵاتییەکی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدا

16-12-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران کەسێکی بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و چەند دەزگایەکی هەواڵگریی بێگانە" ئەمڕۆ لە گرتووخانەی زاهیدانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەسێدارەدا.
 
رۆژی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا لەسێدارەدانی ئەو هاوڵاتییەی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو تاوانبارە بە ئەنقەست هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی و پارێزراوی داوە و دواتر ناردوویەتی بۆ دەزگا هەواڵگرییە بێگانەکان و لەنێویاندا دەزگای هەواڵگریی مۆساد."
 
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ناسنامەی کەسەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژە بەوەداوە "دوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دادوەرەوە، تاوانبار تانەی لە بڕیارەکە داوە، بەڵام دواتر لە دادگەی باڵای تاوانەکان جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدانەکەی پشتڕاستکراوەتەوە."
 
ئێران لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت. 
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام رەخنە لە شێوازی دادگاییکردن و سەپاندنی سزای سێدارە لە دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە دەگرن و دەڵێن، لە رەوتی دادگاییکردنەکاندا مافی گومانلێکراوان لەبەرچاو ناگیرێت و تەنانەت رێگە نادرێت بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، پارێزەر بگرن.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە