رووداو دیجیتاڵ
دەرمانی ئازاری خەڵک لە دەرمانخانەکان دەستدەکەوێت، بەڵام کاتێک خۆیان تووشی دەرد و ئازار دەبن، نازانن پەنا بۆ کوێ ببەن. ئەوە دۆخی دەرمانخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە.
ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران دەڵێت، دەرمانخانەکان قەرزدارن و رەنگە چیدیکە نەتوانن بە بیمە، دەرمان بفرۆشن. هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو کێشەیەش نەگەڕاندنەوەی قەرزی دەرمانخانەکانە لەلایەن رێکخراوەکانی بیمەوە.
تەنیا رێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ئێران زیاتر لە شەش هەزار ملیار تمەن، نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار، بە دەرمانخانەکان قەرزدارە.
هادی ئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران دەڵێت، بە هۆی نەگەڕاندنەوەی قەرزی دەرمانخانەکان لەلایەن رێکخراوەکانی بیمەوە، پیشەسازیی دەرمان تووشی قەیرانی کەمیی پارە بووە و دووکەڵی ئەو کێشەیەش دەچێتە چاوی نەخۆشەکانەوە.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشی هەرە زۆری خەڵک بیمەیان هەیە و دەرمان بە نرخی بیمە دەکڕن.
دەرمانخانەکان 366 جۆر دەرمان بە نرخی بیمە دەفرۆشن. ئەگەر دەرمانخانەکان، فرۆشتنی دەرمان بە نرخی بیمە رابگرن، خەڵک دەبێت پارەیەکی زۆر زیاتر بۆ کڕینی دەرمان تەرخان بکەن.
پێش ئەوەی ئەو کێشەیەش سەرهەڵبدات، دەیان جۆر دەرمان بە نرخی بیمە لە دەرمانخانەکانی ئێران دەستناکەون و خەڵک دەبێ بە نرخی ئازاد بیانکڕن.
داوود مەنزور، سەرۆکی رێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران دەڵێت، "بۆ ئەوەی گوشار نەخرێتە سەر خەڵک، یارانەی دەرمانمان داناوە. لە بودجەی ئەم ساڵدا پێشبینی کراوە 85 هەزار ملیار تمەن هاوکاری خەڵک بکرێت بۆ دابینکردنی دەرمان."
بەپێی یاسای رێکخستنی کاروباری دارایی ئێران، رێکخراوەکانی بیمە دەبێت دوو هەفتە دوای گەیشتنی پسوولەکان، لانیکەم 60٪ـی پارەی دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان بدەن. ماوەی گەڕاندنەوەی کۆی قەرزەکەش نابێ بگاتە سێ مانگ، بەڵام ئەنجوومەنی دەرمانسازی ئێران دەڵێت، رێکخراوەکانی بیمە پابەندی ئەو یاسایە نین و قەرزی زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە و نایگەڕێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ