رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، پێویستە پرسی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، چارەسەر بکرێن. هەڕەشەش دەکات، رێگە بە هیچ جووڵەیەک دژی وڵاتەکەیان لە هیچ شوێنێک نادەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-09-2026، موحسین رەزایی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تاران، باسی لە دۆخی ئێستای ناوچەکە، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن کرد و رایگەیاند: ''بە هیچ شێوەیەک متمانەمان بە ئەمریکا نییە''.
موحسین رەزایی سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد: ''دەبێ سەرەتا ئەوان (واشنتن) بۆ بەدەستهێنانی متمانەمان، هەنگاوی کردەیی بنێن.''
هاوکات موحسین رەزایی بە ئاماژەدان بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان وڵاتەکەی و عێراق، لەبارەی گرنگیی جێبەجێکردنەکەی دەڵێت، پێویستە پرسی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک ''گرووپی چەکدار'' ناویان دەهێنێت، چارەسەر بکرێ و ئاسایشی سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بپارێزرێن.
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران رێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆکرد بۆ هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات. گرنگترین خاڵەکانى رێککەوتنەکە، دوورخستنەوەى پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لەسەر سنوورى نێوانیان.
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ دەستیپێکردووە، ئێران بە پاساوی جۆراوجۆر بەردەوام بووە لە بۆردوومانکردنی کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، بە زیاتر لە 1000 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەوە لەکاتێکدایە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەندامن لە هاوپەیمانیی کوردستانی، چەندین جار رەتیانکردووەتەوە هەوڵی پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و چوونەوە نێو خاکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان دابێت.


