رووداو دیجیتاڵ
جێگری سوپاسالاری ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات کە لە ئەگەری هەر جووڵەیەکدا، ''ژمارەیەکی زۆر مووشەک''ـیان ئاراستە دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، هێزەکانی ئەمریکا ''بە بەلەم'' ناوچەکە جێدەهێڵن و بەشێکیشیان هەر لە ئاوەکانی کەنداودا نوقم دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-09-2026، کیومەرس حەیدەری، جێگری سوپاسالاری ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا کرد کە لە کەنداون و رایگەیاند: ''هێزە چەکدارەکانمان لە وەڵامی هەر هەنگاوێکی دووژمندا، ژمارەیەکی زۆر مووشەک ئاراستەی ناوچەی مەبەست دەکەن''.
بەگوتەی کیومەرس حەیدەری، لە ماوەی رابردوودا لە هەر شوێنێک جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا بەدیکرابێت، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی، ''سەرکەوتووانە'' ئەو شوێنەیان بە مووشک کردووەتە ئامانج.
28ـی شوباتی ئەم ساڵ، جەنگەکە بە هێرشێکی هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران دەستیپێکرد. سەرەڕای هەبوونی ئاگربەستێکی لەرزۆک لە 8ـی نیسان و یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران، هێشتا ناوەناوە هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی یەکدی لە ناوچەکە بەردەوامە.
جێگری سوپاسالاری ئێران هەڕەشەی ئەوەش دەکات، ''ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، ژمارەیەک لە هێزەکانی لایەنی بەرامبەر بە کەشتییەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان و بەشێکیشیان لە ئاوەکانی ناوچەکەدا نووقم دەبن."
قسەکانی کیومەرس حەیدەری لەکاتێکدان، گرژییە دەریاییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کەنداو و تەنگەی هورمز بەردەوامن. هەردوو لا بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز دەکەن و دەسەڵاتی لایەنی بەرامبەر بەسەر رێڕەوە ئاوییەکەدا رەتدەکەنەوە.
هەر ئەمڕۆ سوپای پاسداران تێکشکاندنی درۆنێکی لە جۆری MQ9ـی ئەمریکی لە ئاسمانی قشمی باشووری ئێران راگەیاند؛ لە بەرامبەردا ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە، رۆژی دووشەممە 14ـی ئەیلوول، دوای هەوڵێکی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بێسەرنشینی ئەمریکی، سوپای ئەمریکا دوو بەلەمی ئێرانی تێکشکاندووە.


