لە سیستان و بەلووچستان ئەفسەرێک و دوو سەربازی ئێرانی کوژران

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە هێرشێکی چەکداریدا سێ کەس لە هێزەکانی پاراستنی سنووریی ئەو وڵاتە کوژراون. گرووپێکی چەکداری بەلووچ کە بارەگاکانی لە پاکستانە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، گرووپێکی چەکدار لە شاری سنووریی میرجاوەی سیستان و بەلووچستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کردووە و لە ئەنجامدا سێ کەسیان کوژراون.
 
مەهدی جەمشیدزهی، قایمقامی میرجاوە رایگەیاند، "لە هێرشێکی تیرۆریستیدا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی میرجاوە کراوەتەوە ئامانج و رووداوەکە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە."
 
هەروەها مەهدی شەمس ئابادی، داواکاری ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەڵێت: "شەوی پێنجشەممە لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی شاری میرجاوە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو تەقەیان لە ژمارەیەک پاسەوانی سنوور کرد."
 
بە گوتەی شەمس ئابادی لە هێرشەکەدا سێ ئەندامی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور (ئەفسەرێک و دوو سەرباز) کوژراون و هاووڵاتییەکی سڤیلیش بریندار بووە.
 
گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدل کە گرووپێکی چەکداری بەلووچەکانە لە ئێران و پێگەکانی لەنێو پاکستاندان، لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
میدیای ئێران دیمەنێکی ساتی هێرشەکەیان بڵاوکردووە کە تێدا دەردەکەوێت ژمارەیەک چەکدار لە نێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پێجۆ پارسەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن و دواتر بە خێرایی شوێنەکە بەجێدەهێڵن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە