مەسعود پزیشکیان لیستی وەزیرانی پێشنیازکراوی پێشکێشی پەرلەمان کرد

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران، لیستی وەزیرانی کابینەی حکومەتەکەی پێشکێشی پەرلەمان کرد کە لە 19 وەزیر پێکهاتووە. لیستەکە کورد و سوننەی تێدا نییە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئیران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، مەسعود پزیشکیان لە نامەیەکدا بۆ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لیستی ناوی وەزیرانی کابینەی حکومەتەکەی پێشکێشی پەرلەمان کرد کە لە 19 وەزیر پێکهاتووە.
 
لەنێو ئەو کەسانەی ناویان لەنێو لیستەکەدا هاتووە، پێنج کەس لە کابینەی حکومەتی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران وەزیر بوون یا پۆستی باڵایان هەبوو، هەروەها سێ کەسیش لە کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران وەزیر بوون.
 
لە کابینەکەی پزیشکیان دا بۆ یەکەمجار لە مێژووی 46 ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، ژنێک وەکو وەزیر دەستنیشان کراوە. وەکو لە لیستەکەدا هاتووە، ژنێک بە ناوی فەرزانە سادق مالواجرد، پێشنیازکراوە بۆ وەزارەتی رێگەوبان و شارسازی.
 
بەپێی ئەو لیستەی پزیشکیان بۆ پەرلەمانی ئێرانی ناردووە، هیچ وەزیرێکی کورد و سوننە دەستنیشان نەکراون و هەموو ئەندامانی کابینەکەی شیعەن. هەروەها لە پێکهاتەکانی وەکو بەلووچ، تورکمان و عەرەبیش هیچ وەزیرێک دەستنیشان نەکراوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، یەکێک لە درووشمە هەرە سەرەکییەکان کە پزیشکیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیگوتەوە، نەهێشتنی هەڵاواردنی سیاسی و بەشداریپێکردنی پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی ئێران بە تایبەت کورد و سوننە مەزهەبەکان بوو لە حکومەت دا.
 
دوێنێ میدیای فەرمیی ئێران لیستێکی دیکەی ناوی ئەندامانی کابینەی مەسعود پزیشکیانی بڵاوکردبوو و رایگەیاندبوو: سەید عیماد حوسێنی، پەرلەمانتاری خولەکانی حەوتەم و هەشتەمی شاری قوروەی سەر بە سنە لە پێکهاتەی کوردی سوننە مەزهەب وەکو وەزیری پێشنیازکراوی نەوت دەستنیشان کراوە، بەڵام ئەمڕۆ دوای ناردنی لیستی ناوی وەزیران بۆ پەرلەمان دەرکەوت کە هیچ کورد و سوننەیەک پێشنیاز نەکراوە.
 
لە لیستی وەزیرانی پێشنیازکراوی پزیشکیاندا، سەید ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، هەروەها ئەسکەندەر موئمینی، بەرپرسێکی سوپای پاسداران وەکو وەزیری ناوخۆ دەستنیشان کراوە.
 
هەروەها لە لیستەکەدا، سەید عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کابینەی حەسەن روحانیدا (جێگری محەممەدجەواد زەریف بوو) وەکو وەزیری دەرەوە پێشنیاز کراوە.
 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی ئێران، پەرلەمانتاران هەفتەیەک کاتیان لەبەردەمە بۆئەوەی لە کۆمیسیۆنە تایبەتەکاندا بەرنامە و پلانی وەزیرانی پێشنیازکراو تاوتوێ بکەن و دواتر لە کۆبوونە گشتییەکانی پەرلەمان دا دەنگ لەسەر وەزیرەکان بدەن.
 
گوتەبێژی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، لە شەممەی داهاتووەوە دەنگدان بە وەزیرانی پێشنیازکراوی مەسعود پزیشکیان، نۆیەمین سەرۆککۆماری ئیران لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەستپیدەکات.
 
ناوی وەزیرەکانی کابینەی پزیشکیان کە بۆ پەرلەمانی ئێران نێردراون:
 
1- عەلیرەزا کازمی، وزیری پەروەردە و فێرکردن
2- سەتار هاشمی، وەزیری گەیاندن و تەکنۆلۆژیای زانیاری
3- سەید ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعات
4- عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی
5- سەید عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوە
6- محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی
7- ئەحمەد میدەری، وەزیری تەعاون، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
8- غوڵامڕەزا نووری قزڵجە، وەزیری کشتوکاڵ
9- ئەمین حوسێن رەحیمی، وەزیری داد
10- ئەمیر عەزیر نەسیرزادە، وەزیری بەرگری
11- فەرزانە سادق مالواجرد، وەزیری رێگەوبان و شارسازی
12-  محەممەد ئەتابەک، وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی
13- حوسێن سیمایی سەڕاف، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژێنەوە و تەکنۆلۆژیا
14- سەید عەباس ساڵحی، وەزیری کولتوور و ئیرشادی ئیسلامی
15- ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆ
16- محەممەدڕەزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری میراتی کولتووری و گەشتیاری
17- موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوت
18- عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزە
19- ئەحمەد دونیامالی، وزیری وەرزش و گەنجان

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە