رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گفتوگۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا بە ''ئەزموونێک بۆ هەڵسەنگاندنی نیاز و جیدیبوونی لایەنی بەرامبەر'' دەزانێت و دەڵێت: ''ئێمە بە نیەتێکی پاک و هۆشیارییەکی تەواوەوە دەرفەتێک بە دیپلۆماسی دەدەین.''
بڕیارە دوای نیوەڕۆی سبەی شەممە، 12-04-2025، گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستپێبکات کە ئەمریکا بە گفتوگۆیەکی راستەوخۆی دەزانێت و ئێران بە ناڕاستەوخۆ ناوی دەبات.
ئەمڕۆ هەینی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە: "ئێمە بە نیازێکی پاک و هۆشیارییەکی تەواوەوە، دەرفەتێکی راستەقینە بە دیپلۆماسی دەدەین، ئەمریکا دەبێت ئەو بڕیارە بەرز بنرخێنێت کە سەرەڕای هەڵسوکەوتە دوژمنکارانەکەی ئەو دراوە.''
ئیسماعیل بەقایی لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکان گوتی: "پێشوەختە بڕیار نادەین و پێشبینیش ناکەین. گفتوگۆی شەممە بۆ ئەوەیە کە هەڵسەنگاندن بۆ نیاز و جیدیبوونی لایەنی بەرامبەر بکەین و، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە هەنگاوەکانی داهاتوومان رێکبخەین.''
رۆژی سێشەممە، 8ـی نیسان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. لە بەشێکی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لەوە کرد، رۆژی شەممە گفتوگۆی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران دەبێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەمریکا باسی لەوە کرد، گفتوگۆکانی رۆژی شەممەی داهاتوو کە لە مەسقەتی عومان بەڕێوەدەچن "ناڕاستەوخۆن" و "ئێران ئامادەیە بە جیدی و بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بەشداری بکات."
عێراقچی جەختی لەوەشکردەوە، ئەوان لەگەڵ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن، "دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ تاکتیک یان رەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکو بژاردەیەکی ستراتیژییە کە لە ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ