رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی تاران دەڵێن، لە رۆژی یەکشەممەوە کە هاوکاتە لەگەڵ رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، تاوەکو ئێستا چوار هەزار هاووڵاتی ئێرانییان گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەیان.
رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، فاتیمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تارانی پایتەختی وڵاتەکەی گوتی، "لە سێ رۆژی رابردوودا، چوار هەزار هاووڵاتیی ئێرانیمان گەڕاندووەتەوە ئێران."
گوتەبێژەکەی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدەدەن کە هەموو ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی لە سووریان بگەڕێننەوە وڵاتەکەیان.
بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئێران، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتییان لە سووریا ژیاون.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە 2011، ئێران چەندین "راوێژکاری سەربازی" بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە ناردە سووریا.
بەشێک لە ئێرانییەکان لەماوەی رابردوو بۆ سەردانی مەزارە پیرۆزەکانی شیعە سەردانی سووریایان کردووە، لەنێویاندا مەزاری سەیدە زەینەب لە دیمەشق.
ئێران و حکومەتی سووریا بە سەرکردایەتیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکی دوورودرێژی دۆستانەیان لەنێواندا هەبوو، کە لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە ساڵانی حەفتاکانەوە دەستیپێکردبوو.
لابردنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات.
رۆژی یەکشەممە، گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام، دیمەشقی پایتەختییان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ